ئایا پێشمەرگە بۆ کەرکوک گەڕاوەتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / کەرکوک


Nov 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوە خۆجێیەکان لە پارێزگای کەرکوک باس لە گەڕانەوەی نەرمی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەم پارێزگایە بە هۆی ڕێکەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە دەکەن.

بەرپرسێکی سەربازی لە پرۆسە هاوبەشەکانی کەرکوک ڕایگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ئێستادا لە چەند کیلۆمەتری ناوەندی کەرکوک جێگیر کراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان بە چاودێری وەزارەتی بەرگری عێراق چالاکی دەکەن.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ناوچەکانی پردێ و دوبز بوونەتە شوێنی جێگیرکردنی هاوبەشی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کوردستان.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، زیادبوونی جموجوڵەکانی داعش وایکردووە کە بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە زیاتر بکرێت.

ڕاشیگەیاندووە کە بەشێک لەو هێزانە لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە هاوبەشەی نێوان هەولێر و بەغدا هاتوونەتە ناوچەکە و بەشێکی دیکە بە شێوازی سەربەخۆ جێگیر کراون بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێی کشابوونەوە.

کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەکانی کەرکوک لە پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 بووە.

لەم ساڵانەشدا پاراستنی ئاسایشی کەرکوک لە دەستی هێزەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و چەندین یەکەی حەشدی شەعبی بووە، سەرەڕای ئەمەش کەرکوک لەو ناوچانەی عێراقە کە زیاترین هێرش و جموجوڵی داعشی بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە هەبووە.

جاسم محەممەد جەعفەر کە کەسێکی تورکمان و ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەهاتوونەتە ناو شاری کەرکوک، بەڵام پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستی بە چالاکییە حیزبییەکانی کردووەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تورکمانەکان لەمە نیگەرانن و دژایەتی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و لەو بڕوایەدایە کە بوونی ئەو هێزانە سوودی بۆ ئاسایشی کەرکوک نابێت و کاریگەری نەرێنیی لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابورییەوە دەبێت.

ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانیش داوای لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە کە دۆسیەی کەرکوک لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ جیا بکرێتەوە و نیگەرانی ئەوە هەیە کە لەو دانوستانەدا کەرکوک بکرێتە قوربانی./.