سەردەشت محەممەد

هێرشە راستەوخۆکەی دوێنێ شەوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر،کەئەمجارەیان دۆستەکانی لە عێراق بۆ ئەو هێرشە بەکارنەهێنا، دەرخەری ئەو راستییەن،کە توڕەیی و نیگەرانییەکانی ئێران بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویست دەکات سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان پێداچونەوەی جدی بەسیاسەتی خۆی لەهەمبەر دراوسێکانی و بەتایبەت تورکیا و ئێراندا بکات ئەگەرنا، ئەوا بۆ ئێران ئاسانە لەناو قوڵای خاکی هەرێمی کوردستاندا هەرکەس و هەرشوێنێکی بوێت بیکاتەئامانج.

ئەگەرچی تائێستا ئێران نەیویستووە لەو هێرشانەی کەخۆی یاخود هاوسۆزەکانی لە عێراق دەیکاتەسەر هەرێمی کوردستان زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، بەڵام پەیامەکەی ئەمجارەی ئێران جیاوازە و پێناچێت هێرەشەکانی داهاتووی ئێران کە بەنیازە بیکاتە سەر هەولێر هەروابێزیان بێت، ئەمە لەزاری"ئیرەج مەسجدی"باڵوێزی ئێران لەعێراق ئاشکراکراوە و ئێران بەنیازنیە دەستبەرداری هێرشەکانی بێت، چونکە ئێران پێی وایە هەولێر پاڵپشتی سەرەکیە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئیسرائیل و ئەم پاڵپشتی و دۆستایەتیەی هەولێر بۆ ئیسرائیل ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا چیدیکە ئێران ئامادەنییە وەک تەماشاکەرێک لەم دۆخەی باشوور بڕوانێت.

هەر بۆیە، هێرشەکەی دوێنێ شەوی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی بەگوێی بەرپرسەکانی هەرێم و بەتایبەت هەولێردا داو پێی راگەیاندن، نابێت نەیارەکانی ئێران بەوشێوەیە کوردستان بەکاربێنن بۆ دانانی نەخشە دژی ئێران، ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە بەئامانجگرتنی "ماڵی شێخ باز" خاوەنی کۆمپانیای کارگروپ، کە بەرپرسە لە بازرگانی کردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نیگەرانبوونی ئێران و بەتایبەت لەئێستادا کە دۆسیەی غازیی کوردستانیش خەریکە هاوشێوەی نەوت دەچێتە خزمەتی زۆرێک لەوڵاتانی دیکەوە جگە لەئێران، ئەمەو سیاسەتی هەڵەی سەرکردایەتی کورد لەم وەختەدا کە عێراق لەدۆخێکی هەستیاردایە و ململانێکان بۆپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت درێژەی هەیە و بەشێک لەو ململانێیانە هۆکارەکەی بەبڕوای ئێران بۆ هێزەکوردییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە یەکێکی دیکەیە لەنیگرانییەکانی ئێران و هەربۆیە شەوی ڕابردو کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ١٢ موشکی دورمەوداوە کۆمەڵێک پەیامی کورت و پوختیان بەگوێی هەرێمدادا، کەچی لەبری ئەوەی سەرکردایەتی کورد لەڕێگەی ئەم هێرشانەوە بەئاگابێت و پەلەبکات لە پێداچونەوە بەسیاسەتی خۆیدا کەچی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیامەکەیدا رایگەیاند:هەولێر بەرامبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگردەبێت.

ئەم پەیامە لەکاتێکدایە، هەمووان ئاشناین بەمێژووی پەلاماردانی هۆلاکۆی کۆن بۆ سەرقەڵای هەولێر کە لەساڵی ١٢٥٨زبۆماوەی شەش مانگ لەڕێی مەنجەنیقەوە پەلاماری قەڵای هەولێردا، بەڵام ئیدی کاتی ئەوەهاتووە ئێمە خوێندنەوەی ورد بۆ هۆلاکۆ نوێیەکان بکەین و تێبگەین هۆلاکۆ نوێیەکانی ئێستا خاوەن هێزی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دورمەودان و دەتوانن هەر لەخاکی خۆیانەوە بەوردی و لەکەمترین ماوەدا ئامانجەکانیان بپێکن و کەچی لەبەرامبەردا ئێمەی کورد خاوەنی هێزێکی ئەوەندە کاریگەر و بەتوانانین کە بتوانین بەرپەرچی هێرشەکان بدەینەوە بۆیە باشترین رێگا تەنها وتەنها پەیڕوکردنی سیاسەتێکی حەکیمانەیەو راگرتنی هاوسەنگی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ یار و نەیارەکانماندا ئەگەرنا هەڕەشەی بێکردار و پەیامی ناواقعی تەنها زیانی لێدەکەوێتەوە./.