مامۆستایەکی بەشی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند کە چارەسەرنەبوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێ متمانەیی لای وەبەرهێنەران و بازرگانانی کوردستان درووست کردووە و ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر ژیانی هاووڵاتیان داناوە.

دکتۆر خاڵید حەیدەر لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: بە پێی لێکدانەوەی بەشێک لە یاساناسان، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، بڕیارێکی دەستوورییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، هەندێکی دیکە دەڵێن کە بڕیارەکە ڕەهەندی سیاسیی هەیە و بەغدا دەیەوێت لە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەوە بە سەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ بێت. لە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە لایەن بەغداوە بە هۆی ئەوەی کە بە نرخێکی زیاتر ئەو نەوتە دەفرۆشێت، هەرێمی کوردستان پشکی زیاتری بەردەکەوێت.

ناوبراو وتی: ئەگەر بەغدا سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم وەک خۆی دابین بکات، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە کە دۆسیەی نەوت ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە بکەین کە ئایا بەغدا ئامادەیە بەڵێنە داراییەکانی بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێ بکات؟ لە بەر ئەوەی کە ئێمە ئاگادارین چەندە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراقدا لە لایەن بەرپرسانی ئەم وڵاتەوە هەیە و ئەمەش گومانی درووست کردووە کە بەغدا ناتوانێت بەڵێنەکانی سەبارەت بە شایستە داراییەکانی کوردستان جێبەجێ بکات.

دکتۆر خالید حەیدەر وتی: بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕادەستنەکردنی دۆسیەی نەوت، کاریگەری خەراپ و نەرێنیی لە سەر بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان هەبووە، لە بەر ئەوەی کە وا دەکات بێمتمانەییەکی زۆر لای وەبەرهێنەران، بازرگانان و سەرمایەدارەکانی کوردستان درووست ببێت و نەتوانن پارەکانیان بخەنە بازاڕەوە. لە بەر ئەوەی کە هەموو وەبەرهێنەر یان سەرمایەدارێک کاتێک چالاکی یان کارێک دەکات سەیری دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە دەات و ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو نەبێت ئەو چالاکییانە وەک خۆی ئەنجام نادرێت و بازاڕ جوڵەی پێویستی نابێت./.