سەردانەکەی بایدن بۆ خزمەتکردنی ئیسرائیلە

(0) / / چاوپێكەوتن / مەحمود عوسمان


Jul 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

سیاسەتمەدارێکی کورد ڕایگەیاند کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم کاتەدا زیاتر بۆ خزمەتکردن و بەهێزکردنی ئیسرائیلە بە تایبەت لە دژی ئێران و ئەگەری شکستی دانوستانەکانی ناوەکی.

دکتۆر مەحمود عوسمان لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ئاشکرایە کە ئەمریکا دەیەوێت ئیسرائیل لە ئاستی ناوچەکە زیاتر بەهێز بکات و هەروەها بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە قودس واژۆیان لە سەر کرد دژی ئێران هەنگاو دەنێن.

ناوبراو وتی کە ئەمریکای ئێستا زیاتر لە جاران دژایەتی ئێران دەکات و لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی ناوەکیش ڕەنگە بژاردەی هێز تاقیبکرێتەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان لە درێژەدا وتی: ئامانجی سەردانەکەی بایدن بۆ سعوودیە و کۆکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی بە هەمان شێوە هاوکاریکردنیانە لە دژی ئێران و پەرەپێدان بە ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بایدن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ئەمریکا پێویستی بە دەنگ و پاڵپشتی جولەکەکان هەیە.

ئەو سیاسەتمەدارە سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانیی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر بە ناتۆی عەرەبی ناو دەبرێت، وتی: هەوڵێک هەیە کە ئەو هاوپەیمانییە بە بەشداری وڵاتانی وەک ئەردەن و میسر و چەند وڵاتێکی عەرەبی درووست بکرێت بەڵام پێناچێت بە ئاسانی سەر بگرێت./.