بۆ نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بەرز بووەتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد شیاع سودانی مستەفا کازمی


Dec 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی لەم ڕۆژانەدا بووەتە بابەتێکی گرنگی ناوخۆی عێراق و بازاڕی ئەم وڵاتە ئاڵۆزییەک بە خۆوە دەبینێت، هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی چییە؟

بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای ئەوەی کە نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی دۆلار – دینار لە عێراق، 1460 دینار لە بەرامبەر هەر دۆلاری ئەمریکییە بەڵام لەم ڕۆژانەدا نرخەکە گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە بە شێوازێک کە لە ئاستێکی چاوەڕواننەکراودا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و ئەمەش خەڵک و چالاکوانانی ئابوریی ئەم وڵاتەی نیگەران کردووە.

بانکی ناوەندی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 15 ی کانوونی یەکەمی 2022 بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بەرامبەر دینار بە زۆر کەم ناو برد و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەکە کاتییە و عێراق لە باشترین دۆخی داراییدایە.

بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران و لێدوانەکانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گوزارشت لە ڕاستییەکان دەکات لە بەر ئەوەی کە یەدەکی دارایی ئەم وڵاتە 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەمەش خاڵێکی بەهێزە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ئابورییەکان لە عێراق. بەڵام ئایا وەک چۆن کە حکومەت بەڵێنی داوە، ئەم بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار کاتییە  و نرخەکان بۆ نرخی فەرمی دەگەڕێتەوە یان نە؟ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار چییە؟

دزی سەدە و کاریگەرییە ئابورییەکانی لە عێراق

سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی عێراق باس لە باشترین دۆخی دارایی بە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتەوە دەکات بەڵام ژمارەیەک لە چاودێرانی ڕەوشی ئەم وڵاتە پێیان وایە کە ئەوەی کە بە ناوی دزی سەدە بە بڕی نزیکەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەوە دەناسرێت کاریگەری ئابوری و دارایی لەم وڵاتە داناوە بەڵام ناتوانین وەک تاکە هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا ناوی ببەین.

سزاکانی ئەمریکا لە دژی چەند بانکێکی عێراقی

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی لە پاش ئەوە هات کە بانکی ناوەندی عێراق لە ئەنجامی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، چەندین بانک و دامەزراوەی دارایی ئەم وڵاتەی بە بیانووی ئەگەری دابینکردنی سەرچاوەی دارایی هەندێک گرووپ کە بە لای ئەمریکاوە وەک تیرۆریست دەناسرێن، ڕاسپارد کە واز لە کڕین و فرۆشتنی دراوەوە بکەن.

شارەزایانی ئابوریی عێراق دڵێن کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەم پێناوەدا سزای بە سەر سێ بانکدا سەپاندووە و هەروەها ڕێگریی لە حەواڵەی بانکیی 14 بانک کردووە و ئەوەش وایکردووە کە بازرگانەکان دۆلاری کاش بە ڕێژەیەکی زۆر بکڕن و ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری بە دواوە بووە. جمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە کڕین و فرۆشتنی دراو، 7 بانکی عێراقی گرتووەتەوە. هەندێکی دیکەش دەڵێن ئەو ژمارەیە 4 بانک و 14 دامەزراوەی داراییە.

مەحمود داغر یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لاوازبوون لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی نییە بەڵکوو هۆکاری تەکنیکی لەوەدا کاریگەری هەیە کە ڕێگریی لە گەیشتنی حەواڵە داراییەکان بۆ بانکەکان کردووە.

ئێحسان یاسری ڕاوێژکاری بانکی ناوەندی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە کێشەی نرخی دراو پەیوەندی بە ڕێژەی خستنە بازاڕەوە نییە و بانکی ناوەندی دەرگایەکی ئەلیکترۆنیی بۆ وەرگرتنی داواکاری دۆلار لە لایەن بانکەکانەوە کردووەتەوە.

بە وتەی یاسری، ئەم دەرگایە هێشتا پێویستی بە هەندێک ڕێوشوێن هەیە لە بەر ئەوەی کە عێراق خۆی بە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پرسی دۆلار، سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم دەزانێت.

ناوبراو وتی: بانکەکان پێشتر داواکاری خۆیان دەدایە بانکی ناوەندی تا دۆلار وەربگرن بەڵام دەبێت ئێستا ئەو داواکارییە لەو دەرگا ئەلیکترۆنییەدا تۆمار بکەن و بانکی ناوەندیش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و ئەمەش کاتی دەوێت.

یاسری وتی: هەندێک لە بانکەکان کێشەی نێودەوڵەتییان هەیە و بانکی ناوەندی لە گەڵ ئەوان هاوکاری ناکات.

وتیشی: بانکی ناوەندی ئەمریکا مەرجی قورسی داناوە و وا دەکات کە ئێمە زانیاری وردە سەبارەت بە دۆلاری فرۆشراو ڕادەست بکەین و ئەمەش ناو و لایەنەکان لە خۆ دەگرێت، ناوەکانیش لە نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمار دەکرێن. پرۆسەی وەڵامدانەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکاش سەبارەت بەمە 15 ڕۆژ کات دەبات و ئەگەر دژایەتی هەر کەس و لایەنێکیش بکرێت یان گومانیان لە سەر بێت، پرۆسەی فرۆشتنی دراو بەوان ڕادەگیرێت.

ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی عێراق وتی: بانکی ناوەندی ئەمریکا چاودێرییەکانی لە سەر فرۆشتنی دۆلار زیاتر کردووە تا ئەوە دیاری بکات دراوی فرۆشراو لە ئاکامدا بە دەستی چ لایەنێک دەگات و بەدواداچوون بۆ ئەوەش دەکات کە دراوەکە نەگاتە گرووپ یان لایەنێک کە بە لای ئەمریکاوە وەک تیرۆریستی ناسراون و ئەمەش وایکردووە کە بانکی ناوەندی عێراق تووشی ئاستەنگ و کێشە بێت.

ڕاشیگەیاندووە کە نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەگاتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی.

ئەم لێدوانە، ڕەنگە گێڕانەوەی سەردان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی ئلینا ڕومانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بە تایبەت ڕەخنەی توندی عێراقییەکان لە سەر کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی ئەم وڵاتە بێت.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: ئەمریکا کێشە بۆ حکومەتەکەی سودانی دەخوڵقێنێت

ئیبراهیم سەکینی ئەندامی باڵا لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی وتی کە ئەمریکا دەستێوەردانی لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی عێراقدا هەیە و هەوڵ دەدات کێشە بخاتە بەردەم حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی.

ناوبراو هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ دەستێوەردانەکانی ئەمریکا گەڕاندەوە و وتی کە حکومەتەکەی سودانی لە ڕۆژانی داهاتوو بە سەر دۆخەکەدا زاڵ دەبێت و دۆخی بازاڕ ئاسایی دەبێتەوە.

سەکینی وتی کە ئەمریکا بە هەموو شێوازێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی دژایەتیکردنی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی دەدات.

عێزەت شابەندەر چی دەڵێت؟

عێزەت شابەندەر کەسایەتی سیاسی و شرۆڤەکاری عێراقی لە تویتێکدا سەبارەت بەم پیلانەی ئەمریکا ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە لایەنی ئەمریکی خۆی بە خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق پیشان دەدات، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بڕیاری ڕێگری لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار لە لایەن چوار بانکی عێراقییەوە دەردەکات، بە بێ ئەوەی کە لە سەر ئەمەش ڕوونکردنەوە بدات، ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و ئاڵۆزی لە نرخی دراوەکاندایە.

ئایا نرخی کاڵا و شمەک لە عێراق بەرز دەبێتەوە؟

ژمارەیەک لە چاودێرانی عێراقی لە سەر ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئابوریی ئەم وڵاتە هۆشدارییان داوە.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی شارزای ئابوریی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندی ناتوانێت نیگەرانییەکان چارەسەر بکات. بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە چالاکییەکانی 4 بانکی عێراقی کە لە سەدا 40 ی کڕین و فرۆشتنی دراویان لا بووە، وایکردووە کە هەندێک لایەن کە لە گەڵ ئەو بانکانەدا کاریان کردوو بە ناچاری ڕوو بکەنە بازاڕەکانی دیکە.

بە وتەی مەشهەدانی، بە گرانبوونی حەواڵەی دراو و ڕێگری لە چالاکیی ئەو بانکانە، ئابوری عێراق بە شێوازی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە لە بەر ئەوەی کە ئابوریی عێراق بە تەواوی بەسراوەی هاوردەیە لە وڵاتانی دەرەوە.

جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کاریگەرییەکانی بەم شێوازە باس کردووە: بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، تێچووی عێراقییەکان زیاتر دەبێت، بازاڕی ناوخۆیی عێراق ڕەوشێکی ئاڵۆزی دەبێت، سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنەران و هاوردەکاران لە دۆخی ئێستا و داهاتوو نیگەرانن، بەرزبوونەوەی نرخەکان وا دەکات کە قەیرانی ئابوری ڕوو بدات.

سیاسەتەکانی مستەفا کازمی

شارەزایانی ئابوری عێراقی دەڵێن کە ئەم دۆخە وا دەمێنێتەوە لە بەر ئەوەی کە بەغدا لاپەڕەی سپی واژۆ کردووە و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەبێت هەندێک چاکسازی بکات و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی مستەفا کازمی بۆ ماوەی 5 ساڵ ئەو بەڵێنانەی داوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پلانی چاکسازییە ئابورییەکانی وڵاتەکەیی بە ناوی لاپەڕەی سپی ڕاگەیاندبوو./.