کەلێنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە

(0) / / ڕاپۆرت / مەسرور بارزانی


Mar 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
لەم ماوەیەدا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانی ئاڵۆز کردووە و کێشە و ناکۆکی و کەلێنی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی لە هەرێم بە دەستەوەیە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بە نادەستووری و نایاسایی و بە ئامانجی لێدان لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناو دەبات بەڵام لایەنە سیاسییەکانی دیکە بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی دەربڕیوە.
لەم ماوەیەدا دادگای فیدراڵیی عێراق وەک باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری لەم وڵاتە، کۆمەڵە بڕیارێکی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەبووە کە لە گرنگترینی دەتوانین ئاماژە بە پابەندکردنی حکومەتی ناوەندی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بانکە عێراقییەکان و هەروەها هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بدەین.
دادگای فیدراڵی هەروەها بڕیاریداوە کە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە بچێت. هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی خۆیی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربڕیوە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەم حیزبە دادگاکەی بە پێچەوانەی بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە دادگایەکی دەستووری و یاسایی ناو بردووە.
باڵەکەی مەسرور بارزانی لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان دژی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی هاتووەتە دەنگ و پێشەوا هەورامانی وەک وتەبێژی حکومەتی هەرێم کە لە لایەن یەکێتییەوە بە وتەبێژی مەسرور بارزانی ناو براوە، تۆمەتی خیانەتی داوەتە پاڵ ئەو کەس و لایەنانەی پشتیوانییان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربڕیوە.
ئەمەش کاردانەوەی توندی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بە دواوە بووە و مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمیان بە هۆکاری سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی قەیرانی مووچە ناو بردووە.