ڕوانگە - لەڕۆژی جیهانی شانۆدا هونەرمەندێکی شانۆکاری گەرمیانی ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو پێش ڕاپەڕینیش شانۆ لەگەرمیان و بگرە لە کوردستانیش گەرم وگوڕی زیاتری پێوە دیاربوو .
جەلال محەمەد ئەمین، هونەرمەند و شانۆکار، ڕایدەگەیەنێت:لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا پیرۆزبای لە هەموو ئەو هونەرمەندانە دەکەم کە کاری هونەری وکاری شانۆی دەکەن،شانۆ پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیانە وهونەر بەگشتی پەیامێکی مرۆڤ دۆستی هەیە وهونەرمەند هەر لەوڕێگەیەشەوە دەتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگا و هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بکات.
ئاماژەی بەوەشدا: هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی ئەو پەیامە جوانەیە کەوا سنورەکان تێدەپەڕێنێت و پەیامی مرۆڤ دۆستی دەگەیەنێت بە هەموو ئەو شوێنانەی کە مرۆڤەکانی تێدایە.
جەلال محەمەد ئەمین، وتیشی: ئەگەر باسی شانۆ بەگشتی بکەین ئەوا دەبینین هەروەک چۆن ئێستا کۆی کایەکانی ژیان لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕوبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بۆتەوە، شانۆش ئاوادوچاری قەیرانێکی قوڵ بۆتەوە و بەدەرنییە لەو قەیرانانە ولەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە شانۆ ئەوپەیامە جوانە مرۆڤ دۆستانەی هەیە، بەڵام لە ڕووی خزمەتکردن بە بواری شانۆ بەداخەوە حکومەت زۆر بایەخی بەو بوارەگرنگە و بەشانۆکارانی نەداوە و بۆیە ئێستا شانۆ لە کوردستاندا بەگشتی و لە ناوچەیەکی گرنگی وەک گەرمیاندا لە قەیراندایە.
جەلال محەمەد ئەمین، هونەرمەد وشانۆکار، ئاشکرایشی کرد: ساڵانی سەردەمی ڕژێمی بەعس، شانۆ لە گەرمیان بەتایبەتی گەرموگوڕییەکی زیاتری پێوەدیاربو بەراورد بەدوای ڕاپەڕین و نەمان و لەناوچونی ڕژێم، لە گەرمیاندا ساڵانە چەندین شانۆ نمایش دەکران و لەوڕێگەیەوە شانۆکاران پەیامی جوانیان دەگەیاندە بینەران، بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٨٦، کە تیپی شانۆ و مۆسیقای گەرمیان دامەزرا و ژمارەیەک هونەرمەندی دڵسۆز لە تیپەدا بەشداربون و تا سەردەمی ڕاپەڕین، لە گەرمیان ساڵانە دوسێ شانۆی نمایش دەکران، ەڵام بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەو گەرموگوڕیە زۆرەی لە شانۆدا هەبو نەما و هونەرمەندا پەرتەوازەبون و حکومەتیش بەگشتی هاوکار و یارمەتی دەری هونەرمەندان نەبو بۆیە ئێستا دەبینین شانۆ لە قەیرانێکی قوڵدایە و نەیتوانیووە وەک پێویست بەرەو پێش بچێت.
جەلال محەمەد ئەمین، ڕونیشی کردەوە: هۆکاری ئەوپاشەکشێ کردنەی شانۆ لە کوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە خەڵکی لەدۆخی سەختی ژیانکردندان و حکومەتیش گرنگی بە شانۆ و شانۆکاران نادات و بۆیە دەبینین شانۆ پاشەکشێی کردووە وخەڵک ئەوەندەی لە خەمی ژیانیان ئەوەندە گرنگی بە شانۆ نادەن.
جەلال محەمەد ئەمین، هونەرمەند و شانۆکار باسی لەوەشکرد: ئەرکی هونەر دەست خستنە سەر گیروگرفتەکان و هەمو ئەو ناڕەحەتی و ململانێ و گرفتانەیە کە لەکۆمەڵگادا بونیان هەیە، بەڵام دواجار هونەرمەندانیش بەشێکن لەم کۆمەڵگایە وژیانیان وابەستەی ژیانی کۆمەڵگاکەیانە هەربۆیە ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان خزمەت بە هونەرمەندان نەکەن و وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدەنەوە ئەوا هونەرمەندانیش ناتوانن وەک پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و لەڕێگەی هونەرەوە وەک پێویست خزمەت بە کۆمەڵگا بکەن.