ڕوانگه ـ شارەزایەکی بواری سیاسەت، ئاماژە بەوەدەکات: میدیا و سۆشیال میدیا لە کوردستان ڕۆڵێکی خراپیان گێڕاوە و بون بەهۆکارێک بۆ لاوازکردن و نەمانی متمانە بەزۆرێک لە کایەکانی ژیان و لەناویشیاندا پرسێکی گرنگی وەک هەڵبژاردن و دەزگایەکی گرنگی وەک پەڕلەمان.
دکتۆر ئاشور یاسین جەوهەر، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری سیاسەت، ڕایگەیاند:بەگوێرەی یاسا وڕێنمایەکانی کۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەمو کەسێک مافی ئەوەی هەیە خۆیکاندید بکات، بەڵام ئەوەی ماوەتە هۆشیاری دەنگدەرە کە کێ هەڵدەبژێرێت و دەیگەیەنێت بە دەزگایەکی گەورە و گرنگی وەک پەڕلەمانەوە کە چارەنوسی یاسا و ڕێکخستنی کۆمەڵگای لە ئەستۆیە، لەبەرئەوەی کە پەڕلەمان یاسای لێوە دەردەچێت بۆیە گرنگە خەڵکانێک بچنە پەڕلەمان بتوانێت کە گفتوگۆ لەبارەی یاسایەک یاخود پرۆژە یاسایەک دەکات دەبێت لەوئاستەدابێت کە بتوانێت لایەنە باش و خراپەکانی ئەویاسایانە پێبزانێت، کە دیارە ئەوەش پێویستی بەکەسانی شارەزا و پسپۆڕە، بۆیە دیاریکردن و گەیاندنی کاندیدەکان بە پەرلەمان دەوەستێتەوە سەر هۆشیاری خەڵک و دەنگدەر، هەرچەندە داهاتوی هەرێمی کوردستان ڕەنگە ئەوەندەی بەندبێت بە هاوکێشە سیاسی و نێودەوڵەتیەکانەوە ئەوەندە بەندنەبێت بە پەڕلەمانەوە.
وتیشی: خۆشبەختانە هۆشیاری خەڵک و دەنگەری ئێمە لە ئاستێکی باشدایە بۆ ئەوەی دەنگ بە بەربژێرێک بدات. کەدیارە لەم بابەتەشدا میدیا و سۆشیال میدیاش تاڕادەیەک ڕۆڵیان هەبوە، بەڵام لەماوەی هەبونی زیاتر لە ٣٠ ی پەڕلەماندا، پەڕلەمان ئەو ڕۆڵە بەرجاوەی نەبووە کە دنیابینیەکی گەورە لای خەڵک دروست بکات و تێبگات ئەم پەڕلەمانە زەرورە و پێویستیە، بۆیە ئێستا کێشەکە لەوەدایە کە خەڵک چۆن لە پەڕلەمان دەڕوانێت نەک ئەوەی کە کێ دەنێرێتە پەڕلەمان، بۆیە خەڵکی بەناچاری مامەڵە لەگەڵ پەڕلەمان و کاندیدی پەڕلەماندا دەکات، ڕەنگە بۆ ئەم هەڵبژاردنە خەڵکانێک کە لەسۆشیال میدیا دەرکەوتوون بچنە پەڕلەمان کە ئەوەش دەگڕێتەوە بۆئەو تێڕوانینەی کە خەڵک بۆپەڕلەمان هەیەتی، کە سەرچاوەی ئەوکێشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەڕلەمان کەنەیتوانیوە ڕۆڵی سەرەکی خۆی بگێڕێت نەک هۆشیاری کۆمەڵگا.
دکتۆر یاسین ئاشور جەوهەر، باسی لەوەشکرد: پەڕلەمان دوو ئەرکی سەرەکی هەیە ئەوانیش یاسادانان و چاودێریکردنە، کە بەداخەوە نەیتوانیوە ئەرکی دووەمیان کە چاودێریکردنە وەک خۆی جێبەجێبکات بۆیە خەڵک ئەو متتمانەیەی بە پەڕلەمان نەماوە کەئەوەش گرفتێکی زۆرگەورەیە و بووە بەهۆکارێک بۆ نەمانی متمانە بە پەڕلەمان، کەدیارە لەجێبەجێنەکردنی ئەرکی دووەمدا ئەجیندای حیزب ڕۆڵی هەبووە و پەڕلەمانتار نەیتوانیوە ئینتیما حزبیەکەی وەلاوەبنێت و وەک پەڕلەمانتارێک مامەڵەبکات و زۆرجار بەرژەوەندییە گشتیەکە زاڵبوە بەسەر بەسەر بەرژەوەندییە گشتیەکەدا کە ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان و هۆکاربووە بۆئەوەی کە خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن و پەڕلەمان نەمێنێت.
دکتۆر یاسین ئاشور مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری سیاسەت ، ڕونیکردەوە: یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کەوای کردووە کە خەڵک وبەتایبەت دەنگدەر متمانەی بە هەڵژاردن و پەڕلەمان نەمێنێت، بەداخەوە میدیا و سۆشیال میدیایە کە ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن و زۆرێک لەوانەی کە ئێستا لە بواری میدیادا کاردەکەن،کەسانی ئەکادیمی نین و میدیایان توشی قەیرانێکی قوڵکردووە، ئێستا میدیا و سۆشیال میدیا لەناو فەوزایەکی گەورەدایە و ڕەچاوی بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن ناکەن و هەرئەمەشە وایکردووە میدیا و سۆشیال میدیا ببنەهۆکار بۆئەوەی کە خەڵک و دەنگدەر بڕوایان بە هەڵبژاردن و دەزگایەکی گرنگی وەک پەڕلەمان نەمێنێت.