وڵاتانی جیهان بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو غەدرەی کە لە خەڵکی غەزەدەکرێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕواتگه عێراق


Mar 31, 2024

قەبارەی فۆنت:

روانگە ـ لەڕۆژی جیهانی قودسدا مامۆستایەکی ئاینی لە کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئێمەی میللەتی کورد بەر لە هەمو میللەتانی جیهان، هەستمان بەو ئێش و  ئازار و ناڕەحەتیانەی مسوڵمانانی غەزەکردووە و کە ئێستا بەدەست ئیسرائیلەوە دەیچێژن، جونکە ئەو زوڵم و زۆرەی دەرحەق بە میللەتی کورد کراوە هیچی کەمترنەبووە لەوەی که بەرامبەر بە خەڵکی غەزە دەکرێت

مامۆستا مەلا سەردار سەعید، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزکەوتی ئەبوبەکری سدیق لە کەلار، ڕایدەگەیەنێت: پەیامی ئێمە لە ڕۆژی جیهانی قودسدا پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیانی جیهانییە، قودس هەر لەسەرەتای دروستبونی پێغەمبەرانەوە تاوەکو زەمەنی کۆتا پێغەمبەر، زۆربەی ئاینەکانی تێدابووە و لە سەردەمی خەلیفەی مسوڵماناندا عومەری کوڕی خەتاب، کە قودسی ڕزگارکرد پارێزگاری لە هەموو ئەو شوێنانەکرد کە پەرستشی تێدا دەکرا، بەڵام بەداخەوە لە جیهانی ئێستادا کە جیهانی عەولەمە و دیموکراسی ومافی مرۆڤە دەبینین ئاینێک دەیەوێت بیروباوەڕی خۆی و دەسەڵاتی خۆی زاڵکات بەسەر ئاین وبیرو باوەڕێکی دیکەدا کە ئەویش ئاینی یەهودی و جولەکەیە کە بەشێوەیەکی دڕندانە قەتڵ و عامی مسوڵمانانی غەزە دەکەن. 

وتیشی :  ئێمە وەک مامۆستایانی ئاینی و وەک مسوڵمانانی کوردستان ئومێد دەکەین ئەم زوڵم و خوێن ڕشتنە کۆتای پێ بێت، چونکە ئێمە وەک مرۆڤ هەمومان برای یەکین و پێکەوە جوانین، ئیدی فەرزکردنی بیروباوەڕێک بەسەر بیروباوەڕێکی دیکەدا لە جیهانی ئەمڕۆدا جێگەی قبوڵ نییە و ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش دەفەرموێت زۆرکردن لە دیندا نییە و نابێت کەسێک بەزۆر بانگ بکەیت بۆ سەردینێک، بۆیە ئومێدەکەین چیدیکە کۆتای بەم قەتڵ و عامە و خوێن ڕشتنە بێت و ئەو دوژمنایەتیە کۆتای پێبێت.

مامۆستا مەلاسەردار ، باسی لەوەشکرد: لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆر وخوێن ڕشتنەی کە لە غەزە دەکرێت بەداخەوە وڵاتانی جیهان بێدەنگن و بە هەموشێوەیەک ئابڵوقە دراون کەچی وڵاتانی عەرەبی زۆر بێهەڵویستن، کە ئەوەش کەمتەرخەمی و غەدرێکی گەورەیە لەکاتێکدا دەبینین ئەمەریکا وبەریتانیا وفەرەنسا یارمەتی ئیسرائیل دەدەن کەچی وڵاتانی مسوڵمان نەک یارمەتی خەڵکی غەزەنادەن ، بەڵکو بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ فشارێکیان نییە بۆسەر وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیار بۆئەوەی ڕێگری بکەن لە ئیسرائیل تاوەکو ئەم جەنگ و ماڵوێرانیە ڕابگرێت.

لەبارەی هەڵویستی مسوڵمانانی کوردەوە، مامۆستا مەلا سەردار سەعید، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی، ئەبوبەکری سدیق لە کەلار، ئاماژەی بەوەکرد: میللەتی کورد لەپێش هەمو میللەتانی جیهان هەستی بەو ئێش و  ئازار و ناڕەحەتییەی مسوڵمانانی غەزەکردووە و دەیشیکات، جونکە ئەو زوڵم و زۆرەی دەرحەق بە میللەتی کورد کراوە هیچی کەمترنەبووە لەوەی که بەرامبەر بە خەڵکی غەزە دەکرێت، بۆیە ئێمەی کورد پێش هەموجیهان هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام هێشتا ئەو هەڵوێستانە وەک پێویست نین ودەبێت هەڵوێستی زیاترمان هەبێت.