- فایلی-تایبەت
- 93
April 18, 2024
ڕوانگە _ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز گلین مایەڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق. لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی کاری هاوبەش کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی هاریکاری دووقۆڵی، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکەن. هەروەها پێویستی سەردانی وەفدەکانی هەردوو وڵات و سودوەرگرتن لە ئەزمونی ئوسترالیای لە بوارەکانی کشتوکاڵی و وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی زەوی دوپاتکردەوە. سەرۆك کۆمار باسی لەو ئاڵنگاریانە کرد، کە روبەڕوی ناوچەکە دەبنەوە، ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش کرد بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەکە و جیهاندا. هەروەها بەڕێزیان باسی لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکان لەبەر رۆشنایی خواستی هەردوولا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکات بەگوێرەی دەستور و یاسا، باشتربون و بەرەوپێشەوەچون. هاوکات سەرۆك کۆمار هەڵوێستەکانی حکومەتی ئوسترالیای بەرزنرخاند لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و هاریکاری ئەمنی، جەختیشی لە گرنگی بەردەوامبونی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی باندە تیرۆریستییەکان و توندڕەوی لەپێناو برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەمواندا. لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئوسترالیا جەختی لە خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و بەهێزکردنی هاریکاری لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست.