ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و وەفدێکی یاوەری.
لەمیانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار و هاوتا تورکییەکەی گفتوگۆی دووقۆڵییان کرد لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، هەروەها جەختیانکردەوە لە پێویستی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئابوری و ئاو، بەشێوەیەك کە خزمەت بە خواستەکانی هەردوو گەلی عێراق و تورکیای دراوسێ بکەن.
لە دیدارەکەدا هەردوو سەرۆك جەختیان لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنور و روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و قەیرانی ئاو و سودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزمونی تورکیا لەم بوارەدا.
هەروەها دوپاتیانکردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ پەلامارەکان بۆسەر غەززە رابگیرێن و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستینی برا بکرێت بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافە رەواکانی، کە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی مسۆگەرکراون. هەروەك هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ دۆزی فەڵەستین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هەر لەدیدارە دوو قۆڵییەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییە بەردەوامەکان کرا، لەپاڵ ئەوەشدا پشتبەستن بە بنەمای لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، تاووتوێکران.
پاشان گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، بەڕێز سەرۆك کۆمار سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکهاتبو لە بەڕێزان حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، نزار محەمەد سەعید وەزیری ژینگە، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراو و راوێژکاران لە سەرۆکایەتی کۆمار، لەبەرامبەردا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی لایەنی تورکیای کرد، کە پێکهاتبو لە بەڕێزان هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، ئەلپئەرسلان بەیرەقدار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی نیشتمانی، محەمەد فاتیح کاگەر وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا، ئیبراهیم یۆماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستان، عومەر پۆڵات وەزیری بازرگانی، عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵۆ وەزیری گواستنەوە و ژێرخان، ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، عەلی رەزا گونای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ژمارەیەک لێپرسراو و راوێژکارانی تورکیاش ئامادەبون.
لە وتووێژە بەرفراوانەکانی هەردوولادا پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنی بازرگانی و هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان و دۆسێی ئاو، تاووتوێکران.
سەرۆك کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق چاوی لە باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیای دراوسێ لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەکان و بە پەرۆشە بۆ چەسپاندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات لە بوارەکانی مێژووی و ئابوری و بازرگانی و رۆشنبیری. هەروەها جەختیکردەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ یەکلاکردنەوەی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە خاوەن سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدابکرێت لەپێناو بەدیهێنانی پەرەپێدانی گشتگیر و گەشەسەندن.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کارکردنی هاوبەش و هاوئاهەنگی کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی هاوبەشی هەردوو وڵات و ناوچەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، کە عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی وەك سەرچاوەیەك بۆ دەستدرێژی یان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە، هەروەك هەر دەستدرێژییەك یاخود پێشێلکارییەك دژبە شارەکانی عێراق رەتدەکەینەوە، لەم چوارچێوەیەشدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەدۆسێی ئاو و ئەو قەیرانە کرد، کە عێراق دووچاری هاتوە لە ئەنجامی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لەڕێی روبارەکانی دیجلە و فورات و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو چالاکییەکانی ژیان. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و مسۆگەرکردنی پشکی دادپەروەرانە بۆ عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی و سودوەرگرتن لە ئەزمونەکان لە بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو و بنیاتنانی بەنداوەکان و هاوئاهەنگی و راوێژ لەبارەی پرۆژە و دامەزراوەکان، کە لەسەر روبارەکانی دیجلە و فورات دروستدەکرێن.
هەروەها سەرۆك کۆمار گرنگی دەستپێکردنەوەی کاری لیژنە هاوبەشەکان و چالاککردنی بەندەکانی رێککەوتننامە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتنی دوپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاریکاری. رونیشیکردەوە، کە عێراق سورە لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەی رێگای پەرەپێدان، کە وڵاتانی کەنداو لەڕێگەی تورکیاوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و سودی گەورەی ئابوری دەبێت و جوڵەی بازرگانی فراوان دەکات.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی عێراق و ستایشی پێشکەوتنەکانی عێراقی کرد لەسەر ئاستە جیاوازەکاندا.
بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیانی لە سەرجەم بوارەکاندا دوپاتکردەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە تورکیا پشتیوانی لە عێراق دەکات لە شەڕی دژبە تیرۆر و روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاری ئەمنی و ژینگەیی و ئابوری. هەروەك ئاماژەی بەوەکرد کە هەردوو وڵات پەیوەندی نایابیان هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کە خزمەت بە هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش دەکات و سود بە هەردوو گەلی عێراق و تورکیا دەگەیەنێت.
سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە پێداویستییە ئاوییەکانی عێراق تێدەگات و بە پەرۆشە بۆ هاریکاریکردن لەم بوارەدا لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئاماژەی بەوەشدا، کە عێراق ناوەندێکی گرنگە لە بازرگانیدا بۆ تورکیا و باشترە میکانیزمەکانی هاریکاریی بازرگانی و ئابوری پەرەپێبدرێت.
بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، پڕۆژەی رێگای پەرەپێدانی بە گرنگ بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هەردوو وڵات وەسفکرد و جەختیکردەوە، کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق بۆئەوەی پرۆژەکە بەزووترین کات تەواوبکات و ئامانجەکانی ئابوری و پەرەپێدان بۆ گەلانی ناوچەکە، بەدیبهێنێت.