ڕوانگە - دادگای بەرایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای ڕۆژی پێنجشەممە پرۆسەی بڕیاردانی دواخست کە ئایا کەریم خان داواکاری گشتی ئەم دادگایە ڕێگەی پێدراوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە تۆمەتی تاوانەکانی جەنگی دەربکات.

 ڕۆژنامەی "جروزەلم پۆست"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە بەریتانیا لە ١٠ی حوزەیران سکاڵای لەسەر دەسەڵاتی دادوەری دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو بابەتە تۆمارکرد.

 ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەدا کە دادگای لاهای نەک هەر داواکاریی بەریتانیای قبوڵ کرد بۆ دەستوەردان لەم دۆسیەیەدا، بەڵکو مافی دەستوەردانی بە وڵاتانی دیکەش بەخشی.

 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان تا ١٢ی تەمموز مۆڵەتی بە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە داوە تا ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش بکەن.

 لەوانەیە دواکەوتنەکە بۆ چەندین مانگ بخایەنێت.

 ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست جەختی لەوە کردەوە کە دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای لاهای، تەواوی پرۆسەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتانیاهۆ و گالنت بە ئاسانی دەکرێت بۆ چەندین مانگ دوابخرێت.

 لە ٢٠ی ئایاردا داواکاری گشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ و گالنت کرد بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی خەڵکی غەززە.

 کەریم خان جەختی لەوە کردەوە کە سوپای زایۆنی لە چوارچێوەی هێرشی بەربڵاو و سیستماتیکی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لە کەرتی غەززە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.