هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا لە گەرمیان بەردەوامە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان سروه محەمەد


Jul 15, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە _ لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری، ڕوانگە، ئەندامێکی ئنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت:" بەدواداچونی وردمان بۆ گرفتی کارەبای گەرمیان کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەڵێنیان پێداوین، ئەوگرفتە چارەسەربکەن.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"ئەوکاتەش کە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بووم، کارمان دەکرد بۆ ئەوەی کە لە مانگەکانی ٧ و ٨ بەتایبەتی کاتی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە ڕێگەی وەرگرتنی ڕژەیەک لە کارەبای ناوچە کوێستانیەکان زیادبکرێت و لە مانگە ساردەکاندا ئەو بڕەیان بۆ بگەڕێنینەوە کە ئەو پرۆسەیە ماوەی چەندساڵێک بەردەوامی هەبوو.

وتیشی:" بەداخەوە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، کە لە قەیرانێکی قوڵی دارایدایە و بە بەردەوامی لەگەڵ بەغدا گرفتیان هەیە ئەمەش وایکردووە کە نەتوانرێت گرفتی کارەبا چارەسەربکرێت.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕونیشیکردەوە:" بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی کە کردومانە دەرکەوتووە گرفتی کارەبا تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە بەغداش هەمان گرفت بونی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا  بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما هێندەی دیکە گرفتەکەی قوڵترکردۆتەوە و ئەم گرفتەش وایکردووە مۆلیدەکان مانگانە بڕێکی زۆر پارە لە هاوڵاتیان وەربگرن و ئەمەش بووەبەهۆی ئەوەی کە خەڵک تاڕادەیەکی زۆر نیگەران بێت لەو دۆخە، بەتایبەت لە ئێستادا کە مووچەی موچەخۆران دوادەکەوێت

سروە محەمەد، ئاشکرایشیکرد:" بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا گفتوگۆمان لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان پێداوین کە لەم مانگەدا تاڕادەیەک هەوڵی چارەسەرکردنی ئەوگرفتەبدەن، بەڵام پێویست دەکات ئەم گرفتە بەیەکجاری چارەسەربکرێت و ناکرێت هەموساڵێک دووبارە ببێتەوە.

لەبارەی پرسی فرۆشتنی کارەبای هەرێم بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕونیکردەوە:" لەڕێگەی وەزارەت کارەبای عێراقەوە، بەدواداچونم بۆ ئەو پرسەشکردووە و بۆم ڕونبوەتەوە لە پێشوتردا ناوچەکانی، جەلەولا و خانەقین، بەپلی گرێبەستێک کە لەڕابردودا کراوە، کارەبایان لە وڵاتی ئێرانەوە پێدەگەیشت و لەئێستادا ئێران ئەو کارەبایەی لەو ناوچانە بریوە و بۆیە حکومەتی عێراق، ناچارە کارەبا لە دوو کۆمپانیا کە لە هەرێمی کوردستانن بکڕێت بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەش هاوشێوەی قەزای کەلار، کارەبایان پێبگات نەک ئەوەی کە کارەبایان ببێت بە ٢٤ کاتژمێری.