ڕوانگه ـ لەوتوێژیکیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و بەشداری و نائومێدی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردن و هەروەها جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو،
کاروخ عومەر، ڕۆژنامەنوس، ڕایگەیاند:"هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە بەومانایەی ئەمجارەیان دەرئەنجامەکەی لەئێستاوە دیارە بەوەی کە حکومەتی عێراق، سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، کە ئەمەش پرۆسەیەکی نوێیە و چەند هەنگاوێکی نوێی بڕیوە و جۆرێک لە شەفافێتی پێوەدیارە و پرسی هەڵبژاردن لەژێر دەستی هەردوو هێزی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی دەرچووە، هەرئەمەش وایکردووە یەکێتی و پارتی هاناببەن بۆ چەندین سازشکردن و پەنا دەبەن بۆ دادگایی فیدراڵی، ئەمە جگەلەوەی چەندینجار هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکانیانداوە، بۆیە ئەمە پێماندەڵێت، کە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و ئەم جیاوازیەش ئومێدبەخشە بۆئەوەی کە خەڵک بەشداری بکەن لەم هەڵبژاردنەدا.
لەبارەی پرسی بەشداریکردنی هەوڵاتیان و نائومێدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.
کاروخ عومەر، ڕۆژنامەنوس ڕونیکردەوە:" نائومێدی خەڵک دوو دیوی هەیە دیوێکیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە ڕابردودا لەسەر بڕیاری هێزێکی دەرەکی گۆڕانکاری بەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانداهات، گۆڕانکارییەک بەومانایەی کە کاریگەری هەبوو لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کە ئەمە دیوێکی ئەوڕووداوانەیە کەوایکردووە کە خڵک نائومێدبێت لە هەڵبژاردن، دیوێکی دیکەی نائومێدبونی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان کەنەیانتوانی ڕۆڵێکی باشگێڕن و نەیانتوانی ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکیاندا جێبەجێی بکەن و نەک هەرئەوە،بەڵکو بینیمان هێزێکی وەک گۆڕان کە چۆن چووە بەرەی دەسەڵاتەوە، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ نائومێدبوونی خەڵک، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارە هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان ئەو هەڵەیەی پێشوو دوبارەنەکەنەوە و بەمەش ئومێد بۆ خەڵک بگەڕێننەوە.
لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە، زیادبونی ژمارەی لیست و هاوپەیمانیەتیەکان و بونی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدی سەربەخۆ، نابێتە هۆکارێک بۆ پەرتەوازەبونی دەنگە ناڕازیەکان؟
کاروخ عومەر، ئاشکرایشیکرد:" زیادبونی ژمارەی لیست و کاندیدە سەربەخۆکان لایەنی باش و خراپی هەیە، لایەنێکی ئەوەیە ئەگەر هاوپەیمانێتیەک هەبێت لە نێوان لایەنە ئۆپۆزیسۆنەکان ئەوا ڕەنگە دەنگدەرێک نەیەوێت دەنگ بەهێزێک بدات کە هاوپەیمانە لەگەڵ هێزێکدا کە بەلای ئەوەوە قبوڵکراونییە، واتا ئەمە دیوێکی خراپی هاوپەیمانێتی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانە بەرلە هەڵبژاردن، بەڵام دەکرێت بەدیوێکی دیکەدا دەنگدەر بڕوای وابێت ئەگەر هێزێکی ئۆپۆزیسۆنی یەکگرتوو هەبێت پاڵنەربێت بۆ ئەوەی کە خەڵک ئومێدی زیاتربێت و دەنگد بدات، بەڵام دەکرێت دوای پرۆسەی هەڵبژاردنیش چەند هێزێکی ئۆپۆزیسۆن یەکبگرن و بەجۆرێک خۆیان بەهێزبکەن کەبتوانن ببنە زۆرینە و ئەم هەنگاوە بکەن بە بناغەیەک بۆ ئەوەی ئەمجۆرە لە خۆئامادەکردن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بەردەوامی هەبێت و لە داهاتوودا بتوانرێت پرۆسەی گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا ڕووبدات.