ئارام قادر:  لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا ساختەکاری و تەزویر و گۆڕانکاری لە دەرئەنجامەکانی کورسیەکان هەردەکرێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە ئارام قادر هەڵبژاردن هاوپەیمانی نیشتیمانی


Jul 24, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ئاماژە بەوەدەکات هەڵبژاردنی ئەمجارەش هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشودا و وەک هەمیشە هەوڵەکان بۆ ساختەکاری و گزیکردن و گۆڕانکاریکردن لە دەرئەنجامی دەنگداندا هەر بونیان دەمێنێت.

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" بەلای منەوە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و وەها هەست ناکەم هەڵبژاردنێکی چارەنووس سازبێت، ساختەکاری و تەزویر و گۆڕانکاری لە دەرئەنجامەکانی کورسیەکان هەردەکرێت، جونکە  هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستان، هەڵبژاردن نییە بەڵکو دابەشکردنی کورسیەکانە، لەبەرئەوە ئێمە بەلامانەوە هەڵبژاردنی ڕاستەقینە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین 25%  خەڵک بەشداری هەڵبژاردن دەکات واتا کۆی ئەو کورسیانەی کە خەڵک دەنگی پێدەدات دوای دەرئەنجام کورسیەکانی هێز و لایەنە سیاسیەکانە و ئەمجارەش هەروەهایە، بەڵام ئەمجار تەنها ئەو جیاوازییەی تێدایەکە کۆمیسۆنی عێراق، سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات لەوانەیە ئەمە وابکات بڕێکی کەم جیاوازی هەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشودا هەروەها ئەگەربێت ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات ئەوا ئەوکات دڵنیاین کە گۆڕانکاری گەورە ڕودەدات، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە بڕۆن بۆ دەنگدان، چونکە بڕوامان وەهایە کە دەنگدان چارەنوسی کوردستان دەگۆڕێت و بۆیە هەرکەس دەیەوێت کە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا ڕووبدات ئەوا دەبێت بەشداری هەڵبژاردن بکات.

لە وەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە دەنگدان و بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا دەتوانێت گۆڕانکاری لە ناوخۆی هەرێمدا دروست بکات ئەگەر بێت و ئەو گۆڕانکاریانە خواستی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەرنەبێت؟

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ئاشکرایکرد:" بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆری بڕیاری دەوڵەتانی ئیقلیمی هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە، بەڵام کاتێک لە سەردەمی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵبژاردن ئەنجامدرا و گۆڕان ئەو ژمارە زۆرەی کورسی هێنا، ئەگەر بهاتبایە و لە خولی دووەم و سێیەمدا ناچوبایەتە ناو دەسەڵاتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە دەنگی ئۆپۆزیسۆن زۆر زیادی دەکرد و ئەگەری گۆڕانکارییەکی زۆرگەورە هەبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی کە گۆڕان بەشداربوو لە دەسەڵاتدا ئەواتا دەبینین ئەو حیزبە چۆن دەنگی لەناو خەڵکدا کزبووە و پێشبینی دەکرێت گۆڕان هیچ کورسییەک نەهێنێت، لەبەرئەوە ڕۆیشتنی خەڵک بۆ دەنگدان کاریگەری زۆرگەورە دەکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەوڵەتانی ئیقلیمیش کاریگەرییان هەیەنابێت کاریگەری ئەوان بەهەند وەرنەگرین.

لەبارەی نائومێدبونی خەڵک و ڕێگاچارەکان بۆ گەڕانەوەی ئومێد بۆ دەنگدەری کورد، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ڕونیکردەوە:" سەرچاوەی نائومێدیەکە دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات نایەوێت خەڵکی بڕۆن بۆ هەڵبژاردن و بەشداری هەڵبژاردن بکەن و نایەوێت 25% خەڵک بچێت بۆ دەنگدان، چونکە ئەگەربێت و زۆرینەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات ئەوا ئەو ڕێژەی 25%  هەر دەنگدەدات و لەوڕێژەیەش زۆرینەیان لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەر دەنگ دەدەنەوە بە هێزە دەسەڵاتدارەکان، بۆیە بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا هەوڵدەدەن نائومێدی لەناو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە، بۆنمونە هەمیشە بانگەشەی  بایکۆت دەکەن و هەمیشە ئۆپۆزیسۆنی ساختە دروست دەکەن بۆئەوەی خەڵک بەلای سیاسەتدا نەچێت ، بەڵام ئێمە ئەو هیوایە دەدەین بە خەڵک کە ئەگەر ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆربێت ئەوا دەنگەکانی دەسەڵات زۆر کەم دەکات و دەنگی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان زۆر زیاتردەکات و ئەوکاتە بەدڵنیاییەوە دەتوانین گۆانکاری دروستبکەین.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە  جێگۆڕکێی ئەندامی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان و چونیان بۆناو حیزبەکانی دەسەڵات تاچەند کاریگەری هەبووە لە نائومێدبونی خەڵک؟

 ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، باسی لەوەکرد:" ئێمە وەک هاوپەیمانی نیشتیمانی، لە ئێستاوە ڕامانگەیاندووە کە بەشداری لە پەڕلەمانی کوردستان دەکەین بەهیچ جۆرێک ناچینە ناودەسەڵاتەوە، لەبەرئەوە ئۆپۆزیسۆن دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە تا خۆی دەسەڵات دەگرێت بەدەستەوە نەک ساڵێک ئۆپۆزیسۆنبێت و ساڵێک لە ناوحکومەتدابێت، بینیمان کە چۆن بەشداری گۆڕان لە دەسەڵاتدا چۆن زیانی بەخۆی و بە میللەتیش گەیاند و وایکرد بەشێک لە سەرکردەکانی سەنگەر بگوازنەوە و بوو بەهۆکارێک بۆ نائومێدبونی خەڵک، بۆیە دەڵێین ئەگەر ئۆپۆزیسۆنی ڕاستەقینە بچێتە پەڕلەمانەوە کاریگەری گەورەی دەبێت و سودی بۆ کۆی کۆمەڵگا دەبێت لە هەمو ڕویەکەوە، بۆیە نابێت خەڵک نائومێدبێت، چونکە نائومێدبوونمان واتا کوشتنی خۆمان.