دەربەندیخان؛ بەهۆی لاوازی حکومەت لە جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکانیدا ژینگەی ناوچە وێران بووە

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە دەربەندیخان کوردستان ژینگە


Aug 08, 2024

قەبارەی فۆنت:

 ڕوانگە - خۆشەویستی بۆ وێنەگرتن و هەروەها تێکەڵاوبوون لەگەڵ سروشتدا وا لە هێمن ئەحمەد، دەکات بەشێکی زۆر لە ژیانی بۆ تێکەڵاوبون لەگەڵ ژینگە و هەروەها هەوڵدان بۆ ئاشنابون بە ژیانی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تەرخان بکات،

هێمن، ژینگە دۆستێکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە، وەک خۆی دەڵێت: تێکەڵاوبوون لەگەڵ سروشتدا خولیایەکی منداڵیمە، بەڵام  لە ساڵی 2014 ەوە دەستم کردووە بە ئەرشیفکردنی  وێنەی گەشتەکانم و  بەڕۆح لەگەڵ سروشتدا تێکەڵاوبوم، تائێستا بە سەدان وێنە و ڤیدۆم لەلای خۆم پاراستووە.

هێمن، باس لەوەدەکات:" گەشتەکانی تەنها لە سنوری قەزای دەربەندیخان، ئەنجام دەدات و لەوێش ڕوو لە چیاکانی گوڵان و بەرانان و  بەنداوی دەربەندیخان و چەمی دیوانە و گوندەکانی باوەخۆشێن و چەمەرگە و گوندی دیوانە دەکات، هەرچەندە ناوچەکە سنورێکی فراوانی هەیە و ڕێگاکان دور و پڕ هەوراز و نشێون ، بەڵام بەهۆی باری داراییەوە تەنها دەتوانێت بە پێ، ڕوو لەوناوچانە بکات.

هێمن ئەحمەد، بۆ دەزگایی میدیای ڕوانگە، ئەوەشی خستەڕوو:" ناوچەکە لەڕووی ئاژەڵی کێوی و ڕووەکی سروشتی و سەرچاوەی ئاوی کانی و چەم و ڕووبارەوە دەوڵەمەندە و  ئەمەش وایکردووە چەندەها جۆری جیاواز لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووەکی سروشتی لە سنوری قەزایی دەربەندیخان بەدی بکرێت، هەرچەندە ئێستا بەهۆی نابەرپرسیارێتی خەڵک و لاوازی حکومەت لە جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکانیدا بەشێکی زۆر لەو  گیاندار و ڕووەکانە لەناوبچن.

ئەو باسی لەوەکرد:" چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لەنێو چەمی دێوانەدا بەهەزان ماسی و جۆری جیاواز لە کیسەڵ و سەگگڵاوی و جەلاوی تێدابوو کە دیمەنێکی ئێجگار جوان و سەرنج ڕاکێشیان هەبوو، بەڵام بەداخەوە بێدەربەستی خەڵک و گوێنەدان و ناهۆشیاری خەڵک بەو سەروەتە گەورە نیشتیمانییە و ڕاوکردنیان لەڕێگەی بۆمب و دەرمانەوە  وایکرد هەندێک لەو ئاژەڵانە هەربەتەواوەتی لەناوبچن.

هێمن ئەحمەدی ژینگە دۆست، نهێنییەکی سەیر و گرنگی بۆ ڕوانگە ئاشکراکرد و، وتی:" دروستکردنی بەنداوی دێوانە یەکێکی دیکەبوو لەهۆکارەکان بۆ لەناوچوونی ژمارەکی زۆر لە ماسی و گیاندارەکانی دیکە، کە ئەوەی بە بەڵگەی ڤیدۆی خستۆتە بەردەم پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ژینگە و بەرپرسانی حکومی ناوچەکە و هۆکاری ئەو کاریگەرییە خراپەی بەنداوەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پاشەڕۆی بەشێکی زۆی قەزاکە ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ناو ئاوی بەنداوەکەوە و ئەمەش بووە بەهۆی پیسبونی ئاوی بەنداوەکە و لەناوچونی گیاندارەکان و بەتایبەت ماسییەکان، لەکاتێکدا سەردەمانێک هەبوو کە ماسی چەمی دیوانە یەکێک بووە لە خۆشترین و بەتامترین جۆری ماسی لە ناوچەکەدا.

هێمن ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد:" ماوەی سیازدە ساڵە حکومەت و بەرپرسانی ناوچەکە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە ڕێڕەوی ئەو ئاوەڕۆ و پشماوەیە بگۆڕن، بەڵام تائێستا ئەوکارەیان جێبەجێ نەکردووە.


هێمن، ئامانجی ئەوەیە لەڕێگەی ئەو وێنە و ڤیدۆیانەوە  کە تۆماریان دەکات بە خەڵکی بڵێت: پاراستنی ژینگە ئەرکی هەمووانە، چونکە دواجار پاراستنی ژینگە هەر بۆ سودی هەمو لایەکە و دەبێت هەمووان ژینگەیان خۆشبێت و خۆشبەختانە توانیوویەتی لەوڕێگەیەوە تاڕادەیەک کاریگەری هەبێت لەسەر بەشێک لەو کەسانەی کە هۆکاربوون بۆ تێکچون و لەناوبردنی ژینگە.

هێمن ئەحمەد، لەبارەی ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانەی کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە، ڕونیکردەوە:" ڕێکخراوەکان ڕۆڵی باش و کاریگەریان هەیە، بەڵام بەداخەوە حکومەت کە لایەنی بەرپرسیارە لە  نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەستێت ئەمەش وایکردووە، هەندێکجار ئەو  خەڵکانەی کە ڕاودەکەن گوێ لە ڕێکخراوەکان نەگرن و بەردەوامن لەسەر وێرانکردنی ژینگە.