ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت خۆبەدەستەوەدانی عێراقە بۆ خواستەکانی داگیرکەری تورک

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە عیراق تورکیا کوردستان


Aug 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، عادل عوسمان، چاوێری سیاسی، ڕایگەیاند:"ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت لەڕاستیدا خۆبەدەستەوەدانی عێراقە بۆ خواستەکانی داگیرکەری تورک، بۆ هێرشکردنەسەر سەروەری عێراق، هەروەها بۆ لێدانە لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ لێدانە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، لە کوردستان.

عادل عوسمان، چاوێری سیاسی، ڕایگەیاند:"بواری یاسای یەکیک لە بوارەکانی تێکۆشانی پەکەکە وە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەیشە، لەبەرئەوە ئەوبوارەیاسایانە هەمیشە تێکۆشانی تێدا دەکات، کاتێک ئاستەنگ دروست دەکرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت، بەڵام کاریگەریەکە دەرفەتی دیکەی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە لەبەرئەوە پەکەکە تەنها جوڵانەوەیەکی یاسایی فەرمی نییە لە چوارچێوەی تێکۆشانە یاسایەکانا ئیشی کردبێت، چونکە ئەوە پەیوەستە بە تێکۆشانی گەلی کوردەوە، وە گەلی کوردیش گەلێکی مەزڵومە وە مۆڵەتیشی لەهیچ کەس وەرنەگرتووە کە بەرگری لەخۆی بکات، لەبەرئەوە لەچوارچێوەی پاراستنی ڕەوایا هەمیشە خۆی پاراستووە، وە بواری یاسایش کاتێک دەرفەتی هەبوبێت بەکاری هێناوە بۆئەوەی بتوانێت لەپێناوی ئازادی و تێکۆشانەکەی خۆیدا بەکری بهێنێت.

وتیشی:" ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت لەڕاستیدا خۆبەدەستەوەدانی عێراقە بۆ خواستەکانی داگیرکەری تورک، بۆ هێرشکردنەسەر سەروەری عێراق هەروەها بۆ لێدانە لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەروەها بۆ لێدانە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، لە کوردستان، بەداخەوە ئەوەی پێشڕەوی ئەم ڕۆڵە خراپە نەرێنییە دەکات هێڵی خیانەتی داگیرکەری کوردە کە لە ساتۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەیدا و وە لەساتۆی بنەماڵەی بارزانی و کاربەدەستەکانی ئەوانە، بۆیە وەزیری دەرەوەی عێراقیش کە بەڕێوەبەری سیاسەتێکی لەم شێوەیە نوێنەرایەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتییە لە حکومەتی عێراقدا، لەبەرئەوە وەزارەتی دەرەوە پشکی کوردە وە بۆ پارتیشە، لەبەرئەوە ئەمە هێڵێکی بەکرێگیراوی خائینە کە لەبەرامبەر تێکۆشانی کورددا دەیەوێت لەڕوی یاسایشەوە ئاستەنگی بۆ تێکۆشانی  گەلی کورد، وە نوێنەرەکەشی کە پەکەکەیە دروستبکات، بۆیە ئەو ئاستەنگیانە ئاستەنگێکی نەرێنییە و قبوڵکراویش نییە عێراقیش بۆخۆی لە دۆخێکی خراپدایە و چاوەڕێی چارەنوسێکی باش لە عێراقدا ناکرێت و عێراق شوێنی دەست تێوەردانێکی فراوانە و خۆبەستنەوە بە تورکیاوە عێراق بەرە و کارەساتێکی گەورە دەبات.

عادل عوسمان، ڕونیشی کردەوە:" پێویستە عێراق، وەک و سیاسەتمەدارانی خاوەن ڕەئی خۆیانبن خاوەن کەسێتی و پاراستنی حکومی و دەوڵەتی خۆیانبن لە دەستکەوتەکانی عێراق،نەکەونە ژێر فشاری تورکیا و پارتییەوە بۆشەڕکردن لەگەڵ پەکەکە و گەلی کورد، چونکە ئەم ڕێکەوتنە، ڕێکەوتنێکە لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش دەدات، لەبەرئەوە ڕێکەوتنەکانی جاران نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی تیابوو، کە بنەماڵەی بارزانی و پارتی نوێنەرایەتییان دەکرد، بەڵام ئەمجارە ئەوانیشی تیانین لەبەرئەوە لە ئاستی حکومەتی عێراقی و حکومەتی تورکیا ئەم ڕێکەوتنە دەکرێت بۆیە با شەڕەکە لە زهنێتی کۆمەڵگەی باشووردا ئەوە دروست نەبێت و لە ڕاگەیاندنەکانیش ئەوە باسنەکرێت کە بڵێن ئەم شەڕە شەڕی پەکەکەیە، بەڵکو ئەم شەڕە شەڕی تێکۆشان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردە لەژێر ناوی لێدان لە پەکەکە، بەڵام ئەوان نەیاتوانیووە بەرامبەر پەکەکە هیج بەدەست بێنن، لەبەرئەوەی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤانان لەبەرەکانی شەڕدا ئەوپەڕی سەرکەوتوون و دەوڵەتی تورکیشیان تەنگاو کردووە، بەڵام لە پێدەشتەکاندا هەندێک دەستکەوتیان بەدەستهێناوە ئەویش بە پشتیوانی هێزەکانی پارتی، ئەمانە شەڕێکن ئەنجامەکانیان بۆ عێراق، کۆتایەکەی خراپ دەبێت.

عادل عوسمان، چاوێری سیاسی، ئاشکرایشیکرد:" عێراق ناوەندی بەڕێوەبردنی شۆڤێنیزمی عەرەبییە، لەبەرئەوە ئەویش لەبەرامبەر تێکۆشانەکانی گەلی کورددا بەو شۆفێنیزمە عەرەبیەی کاردەکات، وە فشارەکانی پارتی لەسەر عێراق جارێکی دیکە ئەودۆخەی دروستکردووە ئەوکاتە ئەوهێزانەی کە بەڕێوەبەرن لە حکومەتی عێراقیدا هێزی بێبنەمان، واتا هێزی جەماوەرییان نییە لەئەنجامی بەندوباوی هێزەکانی دەسەڵات و براوەی ناو هەڵبژاردنەکاندا دانراون لەبەرئەوە پێگەکەیان لاوازە،

عادل عوسمان، چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو هێزانەی عێراق دەیانەوێت بە سودبینین لە پێگەی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بمێننەوە لە حکومڕانیدا وە دەستکەوتی ئابوریش بەدەستبێنن، چونکە دەبینین لە سەفەقەی داخستنی سێ پارتی باشوری کوردستاندا، ملیۆنەها دۆلار وەرگیراوە بۆئەوەی بتوانن بڕیارێکی لەوشێوەیە بدەن، بۆیە بە نایاسای بونی پەکەکە، جارێکی دیکه پێگەی حکومەتی عێراق، لاوازیەکەیەتی کەوایلێکردووە بەوشێوەیە بڕوا و وە ئەو عەقڵە شۆڤێنیستەیە کە زاڵە تیایدا بەرامبەر تێکۆشانی گەلی کورد، دەیانەوێت پەلاماری فیدراڵێتیە دروستبووەکەی عێراقیش بدەن، لەبەرئەوە لە دەستوری فیدراڵیدا کورد پێگەیەکی یاسای و سیاسی بەدەستهێناوە، بۆیە دەیانەوێت جارێکی دیکە لەو دەستکەوتە بدەنەوە بۆیە ئەم شەڕە شەڕێکە لەسەرئاستی دیموکراتیزەبونی عێراق کاریگەری نەرێنی هەیە کەپێویستە هێزە ئازادیخوازەکان لەم مەترسیە تێبگەن و وەڵامی ئەوەش بدەنەوە کە عێراق بەرەو دیموکراسی و کۆنفیدراڵی و دەستورێکی دیموکراتی ببەن کە چارەسەری کێشە نەتەوەی و ئاینیەکان بکات لەم کۆمەڵگەیەدا.