ڕوانگە ـ چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت:" ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتنی مووچە و ئاماژە بەوەشدەکات:" چارەسەرنەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێمە نەک بەغدا.

تریفە جەلال ئاغا، چاودێری سیاسی، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گرفتی سیاسییە و گرفتەکەش زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە گوێمان لێی دەبێت و پێمان دەڵێن: بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە مووچە دوادەکەوێت و هەمومان دەزانین پرسەکە پەیوەستە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، چونکە دونیا لەسەر بابەتی پارە و سیاسەت بەڕێوە دەچێت.

وتیشی:ۆچارەسەرکردنی ئەم ململانێ سیاسیەی نێوان هەولێر و بەغدا کە بووە بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر ئاسانە و هەرێم ئەگەر بییەوێت چارەسەری ئەم پرسەکات ئەوا دەتوانێت هەمو مانگێک بەشێوەیەکی شەفاف و بێ کەموکورتی لیستی ناوی مووچە خۆران ڕادەستی بەغداد بکات و ئەوکات بەغداش ناچارە و هیچ بیانویەکی نامێنێت بۆئەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا دوابخات، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر مانگێک و جۆرێک لیست ڕادەستی بەغدا دەکات کەئەمەش بووە بەهۆکارێک بۆئەوەی بەغدا متمانەی بە حکومەتی هەرێم نەبێت.

تریفە جەلال ئاغا، ڕونیشیکردەوە:" حکومەتی عێراقیش هێندە حکومەتێکی شەفاو بێ گرفت نییە کە ئێمە پێمان وابێت لەپرسی دواکەوتنی مووچەدا ڕۆڵی نەبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە کومەتی عێراق بەشێکە لە کێشەکان و ئارەزووی چارەسەرکردنیان ناکات،  بەڵام حکومەتی هەرێم زیاتر ڕۆڵی هەیە لە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکاندا و نایەوێت ئەو پرسە چارەسەربکات.

تریفە جەلال ئاغا، چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەوەی باجی ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەرکە لەسەرشانی هاوڵاتیان هەڵوێستیان هەبێت، هەرچەندە لە ماوەکانی ڕابردودا هاوڵاتیان هەڵوێستیان هەبووە و خۆپیشاندانیان کردووە و بایکۆتیان  ڕاگەیاندووە، دەبێت ئەو هەڵوێستانە بەردەوامیان هەبێت  تائەوکاتەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو دەدۆزنەوە بۆ دەربازبوونی یەکجارەکی لەم دۆخە نەخوازراوە.