ڕوانگە - عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو وەفدێكی لیژنەكەیان سەردانی هەولێر دەكات و لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی مووچە، باج، گومرگ و دەروازە سنورییەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم كۆدەبێتەوەو دەشڵێت، ئێستا گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی، هەفتەی داهاتوو شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بۆ چۆنێتیی جێبەجێکردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوریی نێوان هەردو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان؛ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆ دەبێتەوە.

عەتوان عەتوانی باسی لەوەشکرد، لیژنەی دارایی وەکو لایەنێکی چاودێر، بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکات کە لە نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری موچە، باج، گومرگ و دەروازە سنورییەکان کراون.

سەرۆکی لیژنەی دارایی وتیشی: ئێستا گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە و بەپێی بڕیای ئەنجومەنی وەزیرانیی عێراقیش دەبێت تاوەکو مانگی 12 موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت، لە بەرانبەردا مۆڵەت دراوە بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشە و گرفتەکانی لیستی موچە چارەسەر بکات.