ڕوانگە - کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان  ڕایگەیاندە، هێرشەکانی  تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەونە خانەی تاوانی شەڕەوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ و توندوتیژی ڕەگەزیی بەردەوام ئەنجام دەدات .

لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان،ئاشکرایکردووە، تورکیا لە ناوچەکانی باکوروڕۆژهەڵاتی سوریا تاوانی جۆراو جۆری شەڕی ئەنجامداوە لەوانە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، مردن لە کاتی دەستبەسەریی و هەڵتەکاندنی زۆرەملێی مەدەنییەکان لە زێدی خۆیان و توندوتیژیی ڕەگەزی و لە ئێستاشدا تورکیا بەردەوامە لەو تاوانانە .

کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: تورکیا پابەند نیە بە یاسا نێودەوڵەتیەکان و لە ڕێگەی فڕۆکەکانیەوە هێرشی چڕوپڕ بۆ سەر هاوڵاتی مەدەنی و کەرتە خزمەتگوزاریەکان ئەنجامدەدات، کە هەموویان دەچنە خانەی تاوانی شەڕەوە، ئەوە جیا لەوەی ڕاپۆرتەکە بە ڕونی تیشکی خستۆتە سەر تاوانەکانی سوپای سوریای ئازاد و گروپ و چەتە چەکدارەکان لەناوچەکە .

ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی مەیدانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ 385 کەس و ڕێکخراوی مەدەنی جیاجیا ئامادەکراوە و لە ڕێگەی دیمەنیشەوە بەڵگەمەند کراوە و بڕیارە ئاراستەی 57ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت کە لە 9ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تا 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.