ئەگەر زۆرینەی هاوڵاتیان دەنگبدەن ئەوا گۆڕانکاری گەورە لە سیستمی حکومڕانیدا دروست دەبێت
(0) /
ڕوانگە - ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نزیک دەبینەوە لە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان و هەمووان بە گرنگیەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەڕوانن و چاودێرێکی سیاسیش ڕایدەگەیەنێت:"حکومەتی ئەمجارە جیاوازتر دەبێت لە حکومەتەکانی دیکە، چونکە بەجدی هەموو لایەک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت."
سامان شاڵی، چاودێری سیاسی، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەوەوە سەری هەڵداوە کە گوایە دوای ئەوەی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە بە بڕیارێکی ناتەندروستی دادگای فیدراڵی، بۆیە هەموو هەوڵی ئەوەدەدەن کە ئەم شەرعێتە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوە لە لایەکەوە، لە لایەکی دیکەوە شێوازی ئەم هەڵبژاردنە جیاوزە و کراوە بە چوار بازنەوە لە بری یەک بازنە،
وە کورسیەکانیش کەمکراوەتەوە بۆ ١٠٠ کورسی و لەو ژمارەیەش تەنها پێنجی بۆ کۆتاکانە و ٩٥ کورسی ماوەتەوە بۆ کۆی هێز و لایەنە سیاسیەکان و کەسانی سەربەخۆ لەبەر ئەوە کێبڕکێکە زۆر توند بووە و بەتایبەتیش کە دەبینین هەڵبژاردنی ئەمجارە لەژێر چادێری حکومەتی عێراقیدا بەڕێوە دەچێت هەروەها خەڵکانێکی زۆریش چادێری ئەم هەڵبژاردنە دەکات لەبەرئەوە ئێمە بەهیواین لەگەڵ ئەم هەموو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن باشترە لەوەی کە هەڵبژاردن نەکرێت."
وتیشی:" لە ئێستادا دەبێت دۆخی ناوچەکەش لە بیرنەکەین کە لە هەموو لایەکەوە دۆخەکە بەرە و خراپ بوون دەچێت، بۆیە دۆستەکانیشمان لە دەرەوە هەوڵ دەدەن کە ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت بۆئەوەی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان شەرعێتی بۆ بگەڕێتەوە بۆئەوەی بتوانێت کارەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت و حکومەتێکی نوێ دروست ببێت."
سامان شاڵی، ڕونیشیکردەوە:" ئەم حکومەتە جیاوازتر دەبێت لە حکومەتەکانی دیکە، چونکە بە جدی هەموو لایەک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دەکرێت ئەوش بزان ئایە هاوڵاتیان تاچەند ئامادەن بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن؟"
سامان شاڵی، چاودێری سیاسی، باسی لەوەشکرد:" ئەگەر دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بدەن ئەوا گۆڕانکاری دروست دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا خەڵک زۆر نیگەرانە و ناڕەزاییەتییەکی زۆر هەیە بەتایبەت لەم چەند ساڵەی کۆتایدا کە ئەو فشارە زۆرە لەسەر هاوڵاتیان هەبوو بەتایبەت ئەوکاتەی کە سەربەخۆی ئابووریمان لە دەستدا و هەمووی کەوتە ژێر دەستی عێراق و عێراقیش گرفتمان بۆ دروست دەکات بۆیە خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەماوە، چونکە خەڵک دەزانێت هەر ئەو حیزبانەی کە پێشو لە دەسەڵاتدابوون هەرئەوان دەسەلات دەگرنەوەدەست بۆیە متمانەیان بە هەڵبژارن نەماوە، بەڵام ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بدەن بە خەڵکی شیاو ئەوا بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری لەناو سیستمی حکومڕانیدا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر کەمینەیەک بەشداری لەپرسی هەڵبژاردندابکات ئەوا نابێت چاوەڕێی هیچ گۆڕانکارییەک بین."
تێبينيێك بنێرە: