لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند:" هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووس سازە، چونکە یاسای هەڵبژاردنەکە پێمان دەڵێت کە زەمینەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردتر بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لەبارە، وە فرسەتێکی زێڕینە بۆ خەڵکی کوردستان کە هەوڵبدەن بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن دەنگ بە یەکێتی بدەن، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و کۆتای هێنان بە سەرکێشی بە قووت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بۆ کۆتای هێنان بەو عینادی و کەلەڕەقیەی کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و داوا و داخوازیەکانی خەڵک دەکرێت، بە دیاریکراوی بەرامبەر بە مووچەی فەرمانبەران وە بۆ کۆتای هێنان بەو باج و ڕسوماتە زۆرەی کە بەنایاسای بەسەر هاوڵاتیانی کوردستاندا سەپێندراوە وە بۆئەوەی بتوانین حکومەتێک بنیاد بنێین کە حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستان بێت، هەروەها دامەزراوەکان دامەزراوەی نیشتیمانیبن ئەمەش بەرنامەو ڕوانگەو تێڕوانینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بۆ ئایندەی حکومڕانی بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە یەکێتی بدەن، چونکە یەکێتی تاکە هێزە کە بتوانێت ڕێڕەوی حکومڕانی بە ئاراستەی بەرژەوەدییەکانی خەڵکی کوردستان ڕاست بکاتەوە."
لوقمان وەردی، ڕونیشیکردەوە:" ئێمه بەڵێنێکمان بە خەڵکی کوردستان و خودای خۆمان داوە ڕاستگۆبین لەگەڵ بەڵێنەکەمان، وە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت کۆتای بەو ناحەقیی و ناعەدالەتییەی حکومڕانی بێت کە هێزێکی سیاسی دیاریکراو بەزۆر ساڵانێکی زۆرە زۆرینەی داموودەزگا دەستوریەکانی هەرێمی بۆخۆی قۆرخ کردووە وە سەرکێشی بە مووچە و قووت و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەکات و ئازادییەکانی سنوردارکردووە بۆیە ئەمە فرسەتێکە بۆئەوەی کۆتای بەم حکومەتە زۆردارییە بێنین و حکومەتێک بنیادبنێین کە حکومەتی خەڵکی کوردستان بێت کەئەمەش بەتەنها بەیەکێتی دەکرێت بۆیە هاوڵاتیان تاکە ئومێدیان لەم هەڵبژاردنەدا تەنه یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە."
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی،ئاشکرایشیکرد:" یەکێتی زۆر ماندوو بوو هەوڵی زۆریدا و دانی زۆر بەخۆدا گرت، لەپێناوی ئەوەی هەوڵبدەین کێشەکانی خەڵک چارەسەربکەین و هەوڵبدەین لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوین و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکەین و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەی کەپەیوەستە بەهەرێمی کوردستان ڕێک بکەوین بۆئەوەی شایستەدارایەکان و مووچەی مووچەخۆران هەرێم دەستەبەربکەین، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، کە زۆرینەی جومگەکانی حکومڕانی بەدەستەوەیە بەبەردەوام سەرکێشی بە قووت و ژیانی خەڵکەوە دەکات، بۆیە ئیتر یەکێتی دەڵێت: ئیدی بەسە، دەبێت ئێمە هەوڵبدەین ڕێڕەوی حکومڕانی ڕاستبکەینەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئێمە نامانەوێت سەرکێشی بە خەڵکەوە بکەین و نامانەوێت مووچەی مووچەخۆران دوابکەوێت، نامانەوێت سەرکێشی بە دەستکەوتەکانی خەڵکەوە بکەین و دەمانەوێت کێشەی کورد لە بەغداد و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەربکەین بۆئەوەی خەڵکی کوردستان ئاهێکی بەبەردابێتەوە و بتوانین ژیانێکی شایستە لەکەشێکی ئارامدا و ئازادا بۆ هاوڵاتیانمان دەستەبەر بکەین."