گۆڕانکاری حەتمی ڕوودەدات بەومەرجەی زۆرینەی خەڵکی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە هەڵبژاردن هاوپەیمانی نیشتمانی


Sep 29, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - غەزالی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگی زۆری هەیە، لەبەرئەوەی لە ئێستادا دامەزراوەکان شەرعێتیان نەماوە و دەبێت لەڕێگەی پەڕلەمانێکی دەستورییەوە شەرعێتیان بۆ بگەڕێتەوە.

لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، محەمەد غەزالی ووتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشیمانی، ڕایگەیاند:" هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگی زۆری هەیە، لەبەرئەوەی لە ئێستادا دامەزراوەکان شەرعێتیان نەماوە و دەبێت لەڕێگەی پەڕلەمانێکی دەستورییەوە شەرعێتیان بۆ بگەڕێتەوە، هەروەها ئەمەریکا داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بدەن تاوەکو لەوڕێگەیەوە گۆڕانکاری بکرێت، چونکە ئەو داواکارییەی ئەمەریکا ئاماژەیە بۆئەوەی ئەمەریکاش ناڕازییە لەم دەسەڵاتە گەندەڵە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و ڕێژەی ڕاستەقینەی دەنگی هێزەکانیش دەردەکەوێت .

وتیشی:" هەڵبژاردنی ئەمجارە لەوەدا لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو جیاوازە کە هەڵبژاردنی ئەمجارە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات و نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر لە لیستی دەنگداندا ناویان سڕاوەتەوە کە دەنگدەری حەقیقی نەبون و هەروەها 11 کورسی کۆتاکانیش نەماوە و لە چوارچێوەی ئەو 100 کورسییەی کە دیاریکراوە بۆ پەڕلەمان تەنها پێنج کورسی بۆ کۆتاکان تەرخانکراوە بۆیە ئەمە وادەکات ئەم هەڵبژاردنە هەم جیاوازی هەبێت و هەمیش گرنگی خۆی هەبێت.

لە بارەی ئەوەی کە ئێمە چۆن دەتوانیت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆانکاری لە سیستمی حکومڕانی  هەرێمدا دروست بکەین لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە دەنگدەری کورد باوەڕیان بە هەڵبژاردن نییە و نایانەوێت بەشداری لە پرسی هەڵبژاردندا بکەن.

محەمەد غەزالی، ووتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕونیشیکردەوە:" بەداخەوە ئەم نائومێدکردنەی خەڵک بە بەرنامە لە لایەن دەسەڵاتەوە کاری لەسەرکراوە و خەڵکیش حەقی خۆیەتی کە نائومێد بێت و متمانەی بە هەڵبژاردن بێت، بەڵام چیمان پێدەکرێت لەوەزیاتر کە دەزانین هەڵبژاردن کورت ترین ڕێگای دەستاودەستکردن یاخود گۆڕانکارییە لە دەسەڵاتدا، بۆیە بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن سزای دەسەڵات نادات و بە پێچەوانە هاوڵاتی لەوڕێگەیەوە سزای خۆیدەدات، چونکە دەبێتە هۆی مانەوەی ئەم هێزانە لە دەسەڵاتدا بۆیە تکادەکەین زۆرترین خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و دەنگ بەکەسێک بدات کە شیاوە بۆ چونە پەڕلەمان.

محەمەد غەزالی، ئاشکرایشیکرد:" هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک و هەوڵی زۆری دەوێت، چونکە نەمانی متمانە بە پرۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژاردن کاری لەسەرکراوە، بۆیە پێویستە خەڵک بەوردی لەم پرسە گرنگە بڕوانێت و بەوردی لەو بەربژێرانە بکۆڵنەوە کە دەیانەوێت دەنگی پێبدەن نەک لەسەر بنەمای خزمایەتی و حیزبایەتی. چونکە ناکرێت دەنگدان لەسەر بناغەی ناسراوی بێت.

محەمەد غەزالی، ووتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی ئەو حزبە، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەمەریکا بەڕونی پێمان دەڵێت: ئەمجارە گۆڕانکاری دەکرێت بۆیە هانماندەدات بچین بۆ دەنگدان، وە پێشوتریش بینیومانە کە حکومەتێکی خۆجێیمان هەبووە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا کە هەستمانکردبوو دەسەڵاتێکی سەربەخۆمان هەبوو، بەڵام  دەبینین بەجۆرێک لە جۆرەکان ئێستا حکومەتی عێراقی بەڕێوەمان دەبات، بەڵام ئەمجارە دڵنیام گۆڕانکاری حەتمی ڕوودەدات بەومەرجەی زۆرینەی خەڵکی بەشداری لەپرسی هەڵبژاردندا بکات.