سەرۆك کۆمار و سەرۆك وەزیران: پێویستە دەستبەجێی کردەوە شەڕانگێزییەکانی دژبە گەلانی لوبنان و فەڵەستین ڕابگیرێن
(0) /
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
لە دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 29-9-2024 لە بەغداد بەڕێوەچو، باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی تاوانە جەنگییەکان دژبە گەلانی لوبنان و فەڵەستین و پاش ئەو کردەوە تاوانکارییەی بوەهۆی شەهیدبونی بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی.
هەر لە دیدارەکەدا، جەختکرایەوە کە ئەم قۆناغە لە رادەبەدەر سەختە و پێویستی بە یەکڕیزی و گوتاری یەکگرتوو هەیە، هەروەها کۆکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی دەستبەجێی کردارە شەڕانگێزییەکان بە هەموو شێوەکانیانەوە دژبە هەردوو گەلی برا بەشێوەیەك، کە سەقامگیریی راستەقینە لەناوچەکەدا بهێنێتەدی و ژیان و ئاسایشی گەلان بپارێزێت.
هەروەها باس لە پێشهاتەکانی دۆخی وڵات کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەوەی لە ماوەی رابردودا جێبەجێکراوە، هەروەك کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و بوژاندنەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی رەوتی گەشەسەندن لە وڵاتدا.
تێبينيێك بنێرە: