ڕوانگە ـ کۆمپانیای دانە غاز، کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی بوارى غازی سروشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند:" داهاتی  کۆمپانیاکە لە ساڵی 2024دا 286 ملیۆن دۆلار بووە و بەروارد بە هەمان ماوەى ساڵی 2023، داهاتى بە رێژەی 12% کەمیکردووە، کە ئەو کات 326 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی فرۆشی كۆندێنسێت و غازى شلەوە.

کۆمپانیاکە ئاشکرایشیکردووە:"لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییە داراییەکانی سەر کۆمپانیاکەمان، لە هەرێمی کوردستان هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنان دەدەین.

دانە غاز  ئاشکرایشیکردووە:" قازانجی کۆمپانیاکە لە نۆ مانگی یەکەمی 2024، 112 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2023 داهاتەکەی 126 ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارى کەمبوونەوەی قازانجەکەشى بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە وڵاتی میسر گەڕاندووەتەوە.

کۆمپانیاکە باسى لەوەشکردووە، ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 3% و بەبڕى 38 هەزار و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیادیکردووە، ئەوەشى بۆ زیادبوونی خواست لەسەر گاز لەلایەن وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە:  لەگەڵ کۆمپانیای بیڕڵ پترۆلیۆم پابەندن بە دەستپێکردنەوەی کاری پەرەپێدانی پرۆژەی فراوانکردنی بەرهەمێنانی گاز لە کێڵگەی گازى "کۆرمۆر 250"، ئەوەش دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەڵێندەری پێشوو.