ڕوانگە - ئەمڕۆ سێشەممە، 2024/11/12 لە ڕاگەێنراوێکدا کە ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بڵاویکردۆتەوە:" لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانیان لە شاری حەسەکە، سێ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەێنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:" لە ماوەی کاری بەردەوامی هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاککردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە و بە تایبەتی ناوچەی هۆل و کەمپەکەی لە شانە تیرۆرستییەکان و ئەوانەی بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆرستان و هاوکاریکردنیان داواکراون، شەوی دووشەممە، 11ی تشرینی دووەم، لایەنە دوژمنکارەکان لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە کە پێدەچێت لە دوورەوە تەقێنرابێتەوە، تەقینەوەیەکیان لە دژی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە خانەی بریندارانی جەنگ لە جۆری هۆندای لە گەڕەکی ساڵحییە لە نزیک فەرمانگەی ئاوی شاری حەسەکە ئەنجامدا.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سێ ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کە دەستبەجێ لەگەڵ تەقینەوەکە گیانیان لەدەستداوە و هەروەها دوو لەو شەڕڤانانە "بریندارانی جەنگ بوون کە لە ماوەی شەڕی دژی داعشی تیرۆرست بریندار ببوون و کەسی سێیەمیش، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە.
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرایشیکردووە:" هێزەکانیان بە هەموو پێداگرییەوە بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەم کارە تیرۆرستییە ترسنۆکانە تاوەکو بکەرەکانی دەدۆزرێنەوە.