تورکیا بە کارتی ئابوری هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە

(0) / / كوردستان / تورکیا


Jan 30, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیری بەرگری تورکیا لە سەردانەکەی بۆ هەولێر هەڕەشەی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئەگەر وەک پێویست هاوکاری ئەنکەرە لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا نەکرێت ئەو وڵاتە پەنا بۆ کارتی ئابوری دەبات.

ڕۆژنامەی العرب لە ڕاپۆرتێکدا نهێنی سەردانەکەی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیای بۆ بەغدا و هەولێر باس کردووە کە تێیدا هاتووە ناوبراو هەڕەشەی لە بەرپرسانی هەرێم کردووە لە ئەگەری هاوکارینەکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە ئەوا کارتی کردنەوەی خاڵێکی سنوری نوێ لە گەڵ عێراق بەکار دێنن.

ئەگەر ئەو خاڵە سنورییە بکرێتەوە ئەوا تورکیا بۆ گەیاندنی کاڵا و بەرهەمەکانی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق پێویستی بە خاکی هەرێمی کوردستان نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە داهاتی ناوخۆی هەرێم پشت بە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل دەبەستێت.

ئۆڤاکۆی ناوی ئەو خاڵە سنورییە باسکراوەیە لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی العرب کە خاڵێکی گرنگی پێگەیشتنی سنورەکانی نێوان تورکیا، عێراق و سوریایە و لە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە نزیکە و بەمەش عێراق چیدی پێویستی بەوە نییە لە هەرێمی کوردستانەوە بە تورکیا بگات.