یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دامەزراندن و مێژووی گۆڕانکارییەکان

(0) / / ڕاپۆرت / یەکێتی نیشتمانی کوردستان


Jul 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە 22ـی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا لە گەڕەکی ئەبوروومانەی دیمەشق یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د. فوئاد مەعسووم، د. کمال فوئاد، عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی کرا و پرۆژەی دروستکردنی ئەو حیزبە گەڵاڵە کرا.

کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی کرا و لە رۆژی 01/06/1975 بە فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندرا.

یەکێتی لە یەکگرتنی  سێ رێکخراوی جیاواز دروست بوو، ئەوانیش کۆمەڵەی مارکسی- لینینیی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و هەروەها ئەو کەسانەی نە سۆسیالیست و نە کۆمەڵە بوون و پێیان دەگوترا خەتی گشتی. 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1976 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵێک دوای دامەزراندنی چەند مەفرەزەیەکی پارتیزانیی دروست کردن و دواتر یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی لە کوردستان لە 31/08/1977 کرا و 12 رۆژی خایاند. لە کۆبوونەوەکەدا جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی دیاری کرا.

لە مانگی ئاداری 1978دا دووەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ رێکخستنی پێشمەرگە، دارایی، دانانی نەخشە و پلان، دروستکردنی ھەشت ھەرێمی جیاواز کرا.

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستوون، وەک کۆنفرانسی کۆمەڵە لە ساڵی 1983 و 1984. ھەروەھا کۆنفرانسی ھەردوو باڵی خەتی گشتی و بزووتنەوەی سۆسیالیست دوای جیابوونەوەی بەشێکی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەکێتی، لەو کۆنفرانسەدا یەکیان گرت و ناویان نا "یەکێتیی شۆڕشگێران" و یەکێتی بووە دوو باڵ: یەکێتی شوڕشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران.

دوای 17 ساڵ لە دامەزراندنی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە 28/01/1992 بەست، ھەردوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتیی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردووکیان درا و جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەمی لە 30/01/2001 و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە. هەروەها دوای 9 ساڵ و لە 01/05/2010 دا کۆنگرەی سێیەمی بەست و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتی.

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ـی تەمموزی 2009، بەشێکی زۆری بنکە جەماوەرییەکەی دابەش کرد و باڵێکی گەورەی یەکێتی جیابووەوە.

دواتریش بەهۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلال ناکۆکیی تازە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەری هەڵدایەوە و تاوەکو لە 1ـی ئەیلوولی 2016دا ناوەندی بڕیار دروست بوو کە کۆسرەت رەسوول و بەرهەم ساڵح جێگرانی یەکەم و دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتییان دەکرد و ژمارەیەک  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی تێیدا بوون. 

دواتر بەرهەم ساڵح بە تەواوی وازی لە یەکێتی هێنا و لە هەڵبژاردنی 12ـی ئایار وەک قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریی کرد و دوو کورسیی بە دەست هێنا.

ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی دوایین هەڵبژاردن 18 کورسیی بۆ پەرلەمانی عێراق بە دەست هێناوە، لە پەرلەمانی کوردستانیش لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی 2018 دا 18 کورسیی بە دەست هێنا.

رۆژی 21/12/2019 بەبەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی "کۆبوونەوەی نوێبوونەوە" لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد و دوو رۆژی خایاند.

لە بەرواری 8 ی تەمموزی 2021 بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی گەڕێکی نوێی گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەستپێکرد و لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا سەرجەم دەسەڵاتەکان لە لاهور شێخ جەنگی وەرگیرایەوە و بڕیارە لە داهاتوودا خۆی وەک سکرتێری گشتی ئەم حیزبە ڕۆڵ ببینێت. هێشتا دیار نییە کە ئەمە دوا وێستگەی گۆڕانکارییەکانی یەکێتی دەبێت یان نە./.