هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بڕیارە 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە سیاسییە عێراقییەکان چەندین هاوپەیمانییان ڕاگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە وتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو بووە.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چۆن بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا دەکەن؟
پارتی دیمۆکراتی کوردستان وەک گەورەترین لایەنی سیاسی هەرێم، بە تەنیا و وەک حیزب بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کردووە و بەدەر لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ کەرکوک، لە چەند پارێزگایەکی عێراقیش وەک بەغدا، ئەنبار و کەربەلا پاڵێوراوی هەیە.
دوو لایەنی دیکە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەم جار پێکەوە هاوپەیمانی کوردستانیان ڕاگەیاندووە. یەکێتی پاش ڕووداوەکانی 8 ی تەمموز دەیەوێت ژمارەی دەنگەکانی زیاتر بکات.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان وەک لایەنێکی ئیسلامی تەنیا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە 6 کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بە هەمان شێوە تەنیا لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە 6 کاندیدەوە بەشدارە.
بەڵام نەوەی نوێ بەدەر لە پارێزگاکانی هەرێم، لە چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقیش کاندیدی هەیە و بەشداریی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا کردووە./.