تەحنون بن زاید بە هۆی بواری جۆربەجۆری چالاکییەکانیەوە وەک دووەم کەسایەتی دەستڕۆیشتووی ئیمارات لە پاش محەممەد بن زاید دادەنرێت.

لە دە ساڵی ڕابردوو، ئەستێرەی شێخ تەحنون بن زاید لە ئیمارات درەوشایەوە، ئەو بەرپرسیاریەتی چەندین دۆسیەی گرنگی وەک ئێران و یەمەن و هەروەها کاروبار و پەیوەندی ئەمنی و هەواڵگریی لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و قەتەر و تورکیا و ئێرانی لە ئەستۆ بووە.

لە ئاستی فەرمیی دەسەڵاتی ئیمارات، تەحنون بن زاید لە پاش خەلیفە بن زاید سەرۆکی ئەم وڵاتە و محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی و محەممەد بن ڕاشد دەسەڵاتداری دۆبەی لە پلەی چوارەمدایە بەڵام بە کردەوە محەممەد بن زاید دەسەڵاتداری سەرەکیی ئیماراتە و دەستە ڕاستەکەشی تەحنون بن زایدە.

تەحنون لە ساڵی 1996 تا کاتی کۆچی دوایی باوکی بە ناوی شێخ زاید بن سوڵتان ئالی نەهیان لە ساڵی 2004، بەرپرسی بەشی فەرمانگەی تایبەتی دیوانی سەرۆکایەتی ئیمارات بووە، پاشان بووەتە سەرۆکی دەزگای فڕۆکەوانی سەرۆکایەتی.

تەحنون و بواری وەرزش

تەحنون بن زاید لە منداڵییەوە حەزی لە وەرزش و بە تایبەت وەرزشە کەسییەکانی وەک کاراتێ بووە و لە کاتی خوێندنی لە ئەمریکا لە گەڵ وەرزشی جوجیتسۆ ئاشنا بوو و ئەم وەرزشەی هێنایە ئیمارات. ناوبراو لە پاش گەڕانەوەی لە ئەمریکا، یانەی وەرزشە کەسییەکانی ئیماراتی دامەزراند کە ساڵانە میوانداری لە کێبڕکێ وەرزشییەکانی جیهانیش دەکات.

تەحنون و بواری ئابوری

بەدەر لە وەرزش، ناوبراو لە بواری ئابوری و بازرگانی چالاکییەکی بەرچاوی هەیە. لە کۆتایی دەیەی 1990 گرووپی ئابوری ڕوویاڵی دامەزراند و سەرۆکایەتی ئەو گرووپەی لە ئەستۆ گرت کە دەیان کۆمپانیا بە هەزاران ئەندام و فەرمانبەر لە بوارەکانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان و درووستکردنی ڕوبۆت و گەشتیاری لە خۆ دەگرێت.

ناوبراو هەروەها سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی بانکی " ابوظبی الاول " ی ئیماراتە کە بە یەکگرتنەوەی دوو بانکی " الخلیج الاول " و " بنک ابوظبی الوطنی " دامەزراوە و لە گەورەترین بانکەکانی ئیماراتە و بنەماڵەی دەسەڵاتدار پشکی زۆریان تێدا هەیە.

هەروەها سەرۆکی کۆمپانیای " العالمیە " ی ئیماراتە کە کۆمەڵە کۆمپانیایەکی چالاک لە بوارەکانی بیمە و بەخێوکردنی ماسی لە خۆ دەگرێت. داهاتی ئەم کۆمپانیایە لە سەردەمی سەرۆکایەتی تەحنون گەیشتووەتە 4 ملیار دۆلار.

لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 وەک سەرۆکی کۆمەڵەی 24 دەستنیشانکرا کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە بواری هۆشی دەستکرد.

گۆڤاری فایننشاڵ تایمز لە نووسینێکدا جەختیکردووەتەوە کە کۆمپانیاکەی ئیمارات بە نموونە لە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان وەرگیراوە، بە واتای ئەوەی کە بەرپرسەکانی لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بەرگرین و گرنگی بە پەیوەندیی هۆشی دەستکرد و پیشەسازی بەرگری دەدات.

هەروەها بووەتە هاوبەشی کۆمپانیایەکی چینی لە بواری تاقیکردنەوە و وەبەرهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە ئەبوزەبی.

تەحنون بن زاید لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆربس لە ساڵی 2015، لە پلەی پەنجایەمی دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی جیهانی عەرەب ناوی هاتووە.

تەحنون و بواری هەواڵگری

ناوبراو لە ساڵی 2013 چووەتە بواری هەواڵگری و وەک جێگری براکەی بە ناوی هەزاع بن زاید ڕاوێژکاری ئەو کاتەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات دەستنیشان کرا.

تەحنون بن زاید لە شەڕی سعوودیە لە دژی یەمەن کە لە ساڵی 2015 دەستیپێکرد، بەرپرسی کاروباری هەماهەنگی هێزەکانی ئیمارات و سعوودیە لەو هاوپەیمانییەدا بووە و دواتر لە شوباتی ساڵی 2016 بووە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات.

لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل، میدیاکانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە گەڵ یوسی کوهن سەرۆکی ئەو کاتەی مۆساد دۆسیەکەیان بەڕێوەبردووە.

تەحنون و بواری سیاسەتی دەرەوە

لە سەرەتای ساڵی 2021 ەوە سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات تا ڕادەیەک گۆڕانکاریی بە خۆوە بینیوە و لە ناکۆکییە ناوچەییەکان بە چەشنێک دوور کەوتووەتەوە.

لەم پێناوەدا ئاشتەوایی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری و بە دیاریکراوی سعوودیە، ئیمارات و بەحرەین لە گەڵ قەتەر ڕوویدا و تەحنون بن زاید یەکەم بەرپرسی باڵا بوو کە لە پاش ئەوە سەردانی قەتەری کرد.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، تەحنون لە تورکیا لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وەک وڵاتێک کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیمارات ئاڵۆز بوو، کۆبووە. ئەو کۆبوونەوەش بووە سەرەتایەک بۆ سەردانەکەی محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی کە وەک کۆتایی شەڕی ساردی نێوان هەر دوو وڵات ناوی براوە.

لە نوێترین هەنگاویشدا ناوبراو سەردانی تارانی کرد، وەک یەکەم بەرپرسی ئیمارات کە لە ساڵی 2016 تا ئێستا سەردانی ئێرانی کردبێت. لەو سەردانەشدا لە گەڵ عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووە. بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کە تەحنون بن زاید لە پاش محەممەد بن زاید وەک دووەم کەسایەتی خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتووی ئیمارات دادەنرێت./.