هەر دوو سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم ی سوننە لە کۆبوونەوەیان لە گەڵ سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەم وڵاتەیان تاوتوێ کرد.
محەممەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، دوو لایەنی سەرەکی سوننەی عێراق، لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
مەحمود محەممەد وتەبێژی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سەر ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاند کە بارزانی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەو دوو سەرکردەی سوننە، پرۆسەی سیاسی، بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی تاوتوێ کردووە.
ناوبراو وتی کە پارتی هیوادارە هەمووان لە حکومەتی داهاتووی عێراق بەشدارییان هەبێت.
وتەبێژی پارتی وتی کە بەشداریی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق بە پێی شەراکەت، هاوسەنگی و دەستوور دەبێت.
مەحمود محەممەد وتی کە داواکاری کورد بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق، جێبەجێکردنی دەستوورە و دەستێوەردان لە بڕیاری هیچ لایەنێکدا ناکات.
سەردانەکەی حەلبوسی و خەنجەر بۆ هەولێر، یەک ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بووە./.