لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی یەک شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو و قسە و گومانی زۆریشی بە دواوە بوو، محەممەد حەلبوسی لە هاوپەیمانی سوننەی تەقەدوم بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.

سوننەکان بە دوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزمەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کرد و لە ئاکامدا هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی 37 کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر 17 کورسیی بە دەست هێنا. سەرەڕای کەمبوونی ژمارەی کورسییەکانی، خەنجەر هەوڵەکانی لە دژی حەلبوسی و بۆ بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەستپێکرد، تەنانەت بە هەندێک کاندیدی سەربەخۆی پەرلەمانەوە هاوپەیمانییەکی بە 34 کورسی پێکهێنا و جەختی لە سەر مافەکانی خۆی لە پێناو بە دەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردەوە.

هەروەها سەرکردەکانی هاوپەیمانی عەزم هەوڵەکانیان بۆ ڕێکەوتن لە گەڵ چەند لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان دەستپێکرد و تەنانەت فالح فەیاز سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا ئەوەی بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندبوو کە خەمیس خەنجەر دڵنیایی بەوان داوە کە لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە گەڵیان دەبێت و ئەستەمە ببێتە هاوپەیمانی محەممەد حەلبوسی.

بەڵام لە ناکاو هەواڵی ڕێکەوتن و هاوپەیمانیی حەلبوسی و خەنجەر لە میدیا عێراقییەکان بڵاو کرایەوە.

پاش تاتوێکردنی ئەو دۆخە و ئەوەی کە بۆ هەر دوو هاوپەیمانییەکەی سوننە بەو شێوازە کتوپڕە گەیشتنە ڕێکەوتن، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و عەبدوڵڵای دووەم شای ئەردەن لە وتووێژێکدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان تەقەدوم و عەزم چارەسەر بکەن و هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی سوننەکان پێک بێنن.

هاوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش کە پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ تورکیا هەیە، ڕۆڵێکی گەورەی لە نزیککردنەوە و هاوپەیمانیی حەلبوسی و خەنجەردا هەبووە.

یەک ڕۆژ پێش دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، محەممەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە گەڵ شاندێکی سیاسیی سوننە گەیشتنە هەولێر و لە گەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە و پرۆسەی سیاسی عێراق و بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد.

هاوکات لێدوانەکەی مەشعان جبوری لە سەرکردە سیاسییەکانی سوننە سرنجی هەمووانی ڕاکێشا کە ڕایگەیاند مەسعود بارزانی لە تشرینی یەکەمی 2021 بانگهێشتی هەولێری کردووە و داوای ئەوەیکردووە کە بۆ یەکگرتنی لایەنە سیاسییەکانی سوننە هاوکاری بکات.

جبوری وتی: ئێمەی سوننە وانەمان لە ڕابردوو وەرگرتووە کە دەبێت پێکەوە یەکگرتوو بین و دەزانین لە گەڵ کێ ببینە هاوپەیمان، جاری پێشوو لە گەڵ ئەوانەی بووینە هاوپەیمان، زیانمان بینی، ئێستا هاوپەیمانەکانمان دەگۆڕین.

ئەڵبەت مەشعان جبوری جارێکی دیکە لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ کەناڵی الرشید لە 29 ی کانوونی یەکەمی 2021 بە ڕاشکاوانە ڕۆڵی تورکیای لە یەکگرتنی سیاسیی سوننەکانی عێراق ئاشکرا کرد.

ناوبراو وتی کە یەکەم ڕێکەوتنی حەلبوسی و خەنجەر بە ئامادەبوونی ئەردۆغان و لە تورکیا کرا و ڕێکەوتنە کۆتاییەکەش لە سەر هەوڵی ئەو وڵاتە و ئیمارات بووە./.