نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لە گەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووە.

لەو کۆبوونەوەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە 20 ی کانوونی دووەمی 2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و جنین پلاسخارت جەختیان لە سەر گرنگی بەردەوامیدان بە وتووێژی لایەنە سیاسییەکان کردەوە لە پێناو نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گەیشتن بە سازان لە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لە سەر گرنگی یەکدەنگی هێز و لایەنە کوردییەکان لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە دەستوورییەکان و بەرژەوەندی گشتی، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چۆن پاڵپشتی یەکدەنگی کورد دەکەن، بە هەمان شێوە گرنگی بە یەکخستنی نێوماڵی شێعە و سوننەش دەدەن بۆ ئەوەی کە ڕێکەوتن لە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و جێی ڕەزامەندی هاووڵاتیان هەبێت./.