هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەم وڵاتە دوور خرایەوە، لە نووسینێکدا هێرش دەکاتە سەر دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە کەوتووەنە ناو مەنجەڵی سیاسەت.
ناوبراو لە نووسینێکدا کە لە ڕۆژنامەی " الشرق الاوسط " بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی مانای ئەوەیە کە هاووڵاتی تاوانبارە تەنانەت ئەگەر بێتاوانیشی سەلمێنرابێت، هەروەها ئەوەشی سەلماند کە ئەو بڕیارە سیاسییانەی کە دەسەڵاتی دادوەری و لێکۆڵینەوەکان بە هەڵە سەلماندوویانە، بەسە بۆ بێبەشکردنی هاووڵاتی لە بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان.
کاندیدە دوورخراوەکەی پارتی باسی لەوەشکردووە کە کارکردنی دادگای فیدراڵی بە دەقەکانی دەستوور تەنیا بۆ فریودانی ناوخۆیی و دووڕوویی نێودەوڵەتییە، بۆیە چیتر کەسێکی ستەملێکراو و مافخوراو ناتوانێت مافی خۆی وەربگرێتەوە.
زێباری وتی کە ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ سەندنەوەی متمانە لە من بڕیارێکی سیاسی بوو، بەو بەڵگەیەی کە دەستەی دەستپاکی منی بێتاوان کرد لە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵم./.