وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەڕەشەیەکی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردووە کە لە ڕێگای هۆشیار زێبارییەوە بووە.
بەنگین ڕێکانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ماوەیەک پێش هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دوو کەسایەتی گرنگی ئێران هەڕەشەیەکی تارانیان بە هۆشیار زێباری دا کە ئەگەر هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە بەردەوام بێت گلەیی لە ڕوودانی هیچ شتێک نەکەن.
ڕێکانی ڕایگەیاند کە ڕۆژی دواتر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چاوی بە هۆشیار زێباری کەوت و هەوڵی ئەوەیدا کە بارودۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و بە زێباری ڕاگەیاند کە بە هەڵە لە پەیامی ئەو دوو کەسە تێگەیشتووە.
ئەو وەزیرەی پارتی هەروەها وتی کە زێباری بە قائانیی ڕاگەیاندووە کە ئەو دوو کەسایەتییەی ئێران تایبەتن بە کاروباری عێراق و بە کوردیش قسەیان کردووە و پەیامەکان گەیاندووە و باسیان لە هەندێک پرسی سیاسی و تایبەت بە غازیش کردووە، بۆیە بە هەڵە تێنەگەیشتووم./.