گۆران عومەر ئەندامی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی کراوەی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد و تێیدا هاتووە کە جەنابت لە پاڵ کاری سیاسەتدا کەسێکی هونەری و شێوەکاریت و ئەمەش بە واتای ئەوە دەبێت کە لە پێش هەموو لایەک دەبێت بە خەمی هونەر و کەلتوری گەلەکەتەوە بیت.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا داوای لە مەسرور بارزانی کردووە کە دراما دۆبڵاژکراوەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ڕابگیرێن کە شیرازەی خێزانیان لە هەرێمی کوردستان تێکداوە.
دەقی پەیامەکەی گۆران عومەر لە درێژەدا هاتووە:
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت لەم نامەی ئاڕاستەی جەنابتی دەکەم و هیوادارم کاری جدی لەسەر بکرێت و ڕۆڵی سەرەکی جەنابتانی تیادابێت لەسەر بنەمای ئەوەی جەنابت لەپاڵ کاری سیاسەت مەداریتدا کەسێکی هونەری و شێوە کاریت، کە ئەمەش واتای ئەوە دەگەینێت کە دەبێت لە پێش هەموو لایەک جەنابت بە خەمی هونەر و کەلتوری گەلەکەتەوە بیت چونکە لە ناو هەموو دنیادا کەلتور لە سەر بنەمای هونەر پێش یاخود پاش دەکەوێت .
وەک ڕوون و ئاشکرایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هونەر بەهەموو جۆرەکانیەوە لە گێژاوێکی زۆۆر نادیار دایە و بەرەو دووادێت ، لەم نامەیە دەمەوێت بەڕونی تیشک بخەمە سەر لایەنی دراما و فیلم ، کە لەم ساتەی ئێستایدا هێندە ڕووەو دووا و لەناوچونە بەهۆی ئیهمال کردنی دەرهێنەر و ئەکتەری ڕەسەنی کوردی ، دەرخستن و هێنانە ناوەی فیلمی دۆبلاژی بێ مانا و دژ بەداب و نەریت و ئاینی کۆمەڵگای کوردی ، کە لە ئێستادا ئەوەی چەندین سەدەیە دووژمن نەیتوانیوە کلتور و دابوو نەریتی کوردی تێک بدات چەند کەناڵێکی هەلپەرست بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان لە کەمتر لە دەیەیەکدا کردیان و ئەنجامەکەشی لە بەرچاو هەمووان ڕوون و ئاشکرایە ئەوەتا دەبینین لە دادگاکان ژمارەی ئەوانەی جیادەبنەوە وا یەکسان دەبێتەوە بەژمارەی ئەوانەی هاوسەر گیری دەکەن . تاکە هۆکاری ئەمەش ئەو فلیمانەن کە تەواوی شیرازەی خێزانیان شێواندوە . تاکە چارەسەر بۆ ئەمە و گێڕانەوەی شکۆی خێزان ، ڕاگرتنی سەرجەم ئەو فیلم و زنجیرانەیە و لە جیاتی ئەوان دەستی ئەکتەر و دەرهێنەری کورد بگیرێت و پشتگیری تەواوەتیان بکرێت لە هەموو ڕووەکانەوە، ئەو کات ئێمە دەتوانین کەلتور و دابوو نەریتی جوانی خۆمان نیشانی گەلانی دنیا بدەین بەو چەکەی دەستمان کە هونەرە ئەو جەنگە ببەینەوە کە کەلتور و مێژووی جوانی کوردی بردووەتە لێواری مەرگ ، بێگومان کردنی ئەمەش زۆر قورسە گەر بەجدی کاری لەسەرنەکرێت و دەستی حیزبی و گەندەڵ کاری لێ دەر نەکرێت گەر هەموو هونەرمەندان بە یەک چاو سەیر نەکرێن، زۆر قورسەبێت کاتێک دەرهێنەرێک بە کەمترین ئەزموون بودجەیەکی زەبەلاحی بخرێتە بەردەست بۆ کارێت کە تەنها دوو بۆ سێ ڕۆژ دووای عەرز کردنی بمێنێتەوە دەرهێنەرێکی بەتوانا و بە ئەزمونیش کە چەندین ساڵە لە بوارەکەدایە و توانای باشترین ئیشی هەیە بە هیچ جۆرێک ئاوڕی لێ نەدرێتەوە و هێندەی دیکە لە کار کردن لەبوارەکە دوور بکەوێتەوە ، ناکرێت و نابێت هونەر مەندێک ئەکتەرێک دەرهێنەرێک بەهۆی کارێکەوە زیاد لە جارێک سوودمەن بێت لە وەرگرتنی چەندین ئیمتیازی خانوو زەوی و سەیارە تەنها لەبەر ئەوەی سەر بەلایەنێک لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان بێت و دەرهێنەرێک یان هونەرمەندێکیش سێ یەکی تەمەنی لە خزمەتی فیلم و درامادا بەڕێ کردبێت و نان نەبێت بیخوات . لە کۆتایدا داواکارم لە بەڕێزتان لە زوترین کاتدا خوێندنەوەی جدی لەسەر ئەم بابەتە بکەن و هەستن بە بڕیاردان و ڕاسپاردنی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ کارکردنی جدی و هەوڵی تەواو بۆ ڕزگارکردنی هونەر و هونەرمەندانی کورد لە لەناوچون./.