ئەندامێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم قەیرانە سیاسییەی عێراق، ڕەنگە سیناریۆی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان جێبەجێ بکرێت.

ماجد شەنگالی بە ئاماژە بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتی کە هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان لە ڕەوتی سەدر و سیادە و پارتی پیکهاتووە و یەک هەڵوێستیان لە بەرامبەر پێشنیار و پێشهاتەکاندا هەیە.

ناوبراو وتی کە گومان لەوەدا نییە هەمووان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە هەوڵ دەدەن و بەردەوامی ئەم دۆخەش بە قبووڵنەکراو دەزانن و چەند سیناریۆیەکیش بوونی هەیە کە یەکێک لەوان پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوقی و ئەوی دیکەش هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراقە.

شەنگالی وتی کە هەلومەرجی وڵات ڕێگای ئەوە نادات کە حکومەتی کاربەڕێکەر لە سەر دەسەڵات بێت و سەرۆک کۆماریش دەسەڵاتی تەواوی نەبێت.

ئەو ئەندامەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوازە بێت ئەگەری ئەوە هەیە کە هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان وەک زۆرینەی پەرلەمان هەنگاو بەرەو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی دووبارەی هەڵبژاردنەکان بنێت کە ئەمەش لە ڕووی یاساییەوە چەندین گرفت لە پێشە و حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت هەڵبژاردنەکان بەڕێوە ببات./.