ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە هەندێک لایەنی سیاسی لە سەر پرسی گازی سرووشتی بە نهێنی و بە دوور لە چاوەکان دەستیان کردووە بە سەردانیکردنی وڵاتان.

لیزا کاکەیی ڕایگەیاند کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا قەیرانی وزەی بە دوای خۆیدا هێنا و بەمەش دەرگایەکی نوێ بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا کراوەتەوە و بووەتە هیوایەک بۆ ئەورووپا و بەدیلێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاسایشی وزە.

ناوبراو وتی کە سامانی سرووشتی هێزە و ئەگەر بە ستراتیژێکی ورد و دووربینانە بەڕێوە ببرێت کاریگەری گەورەی لە سەر  دۆخی ئابوری ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە دەبێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی کە مەسرور بارزانی دەتوانێت دۆسیەی گازی سرووشتی بە سەرکەوتووانە بەڕێوە ببات.

لیزا کاکەیی وتی کە بارزانی سەرەڕای هەموو فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بە بێ دوودڵی و بە ئیرادەوە بڕیاری بەڕێوەبردنی ئەم پرسەی داوە./.