ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان دەستپێشخەری نوێی خۆی ڕادەستی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات.

قەیس خزعەلی ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان دەستپێشخەری سیاسی خۆی ڕادەستی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات و ئەگەر هەڵبژاردنەکانیش دووبارە ببێتەوە هەندێک لە لایەنەکان تووشی شۆک دەبن.

ناوبراو وتی کە هاووڵاتیانی عێراقی بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئابورییەوە ڕوبەڕوی گوشارێکی قورس بوونەتەوە و هیوادارن لایەنە سیاسییەکان لە گەڵ یەکتر بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن.

ئەو بەرپرسەی چوارچێوەی هەماهەنگی وتی کە ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی پێداگری لە سەر بۆچوونەکانی بکات، بە واتای ئەوەیە کە قەیرانی ئێستای عێراق چارەسەری نییە.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی کە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ درێژەپێدانی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئامادەیە و ئەگەر لایەنی بەرامبەر پلانێکی هەیە کە مافی زۆرینە دەستەبەر بکات، ئەوە بخاتەڕوو و ئێمەش بە ڕێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین./.