پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوازی نافەرمی هەڵوێستی خۆیان لە سەر بڕیاری کشانەوەی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دەربڕی.

عیماد باجەڵان کادیری باڵای پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی سەدر بۆ کشانەوە لە پەرلەمانی عێراق قەیرانی ناو پێکهاتەی شێعەیە و کێشەی پارتی و سوننەکان نییە.

ناوبراو وتی کە ئەگەر ئەم دەست لە کار کێشانەوەیە سەر بگرێت ئەوا دەبێت فاتیحا بۆ پرۆسەی سیاسی بخوێنرێت.

باجەڵان وتی کە وەک پارتی نابێت پەلە بکەین، شتەکە قەیرانی ناو پێکهاتەی شێعەیە بە ۆلەی یەکەم و هی پارتی و سوننە نییە.

هەروەها ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە پاش کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر، دۆخێکی قورس چاوەڕوانی عێراق دەکات و دەبێت بە حەزەرەوە مامەڵە بکرێت.

بڕیار ڕەشید وتی کە هێشتا زووە قسە لە سەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکرێت.

ناوبراو وتی: بەدەر لە کورسی پەرلەمانی، سەدر قورسایی جەماوەریی هەیە و لەوانەیە گوشار و خۆپێشاندان دەست پێبکات./.