سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە سەر بنەمای هاوسەنگی، ڕێکەوتن و شەراکەت ڕاگەیاند.

ئەحمەد ئەسەدی ئەمڕۆ 23 ی حوزەیران لە میانەی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراقدا وتی: لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کاریگەرییەی کە قۆناغی پێشوو بە جێی هێشتووە، لە گەڵ پێویستی پەلەکردن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری، گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.

ناوبراو وتی: لایەنە سیاسییەکان ڕێکەوتوون لە سەر بەردەوامبوون لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بە پێی بنەمای هاوسەنگی و کۆدەنگی و شەراکەت، ڕێزگرتن لە بنەما دەستوورییەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.

ئەسەدی وتی کە ئەو هێزانەی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەت، بەرپرسیاریەتی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە لە ئەستۆ دەگرن کە پێیان سپێردراوە./.