ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق سەر بە هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە دەکرێت لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بە بێ بەشداریی پارتی دیمۆکراتی کوردستان حکومەتی نوێ پێک بێنن.
غەزەنفەر شمەری ڕایگەیاندووە کە دەکرێت بە بێ بەشداریکردنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەڵبگیرێت، بە تایبەت کە لە پاش کشانەوەی سەدرییەکان و شوێنگرتنەوەیان لە لایەن ئەندامانی نوێوە، ژمارەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتووەتە نزیکەی 160 ئەندام و ئەوەش کاریگەریی لە سەر خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بۆ تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویست بە 60 ئەندامی دیکە دەبێت و بە هۆی هاتنی ئەندامانی نوێ ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بە سازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەش درووست بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە گەڵ ئەوەدا نییە کە پارتی لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ دوور بخرێتەوە بەڵام ئەگەر لە سەر هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت، دەکرێت لەو پرۆسەیە بێبەش بکرێت و چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگا نادات هیچ لایەنێک ویستی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت./.