ڕێکخەری کاروباری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا وتی کە واشنتن بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا لە هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت بەڵام پێی وایە کە هێشتا زووە باس لە دانوستانی ئاشتی لە نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا بکرێت.

جۆن کێربی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند کە ڕووسیا و ئۆکرانیا ئامادەی دانوستانی ئاشتی نین و هێشتا زووە باس لەم پرسە بکرێت.

ناوبراو وتی کە واشنتن درێژە بە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا دەدات، ئامانجی واشنتن ئەوەیە کە لەوە دڵنیا بێت کیێف چۆنیەتی سەرکەوتن و هەلومەرجەکەی دیاری بکات.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتی کە ئێمە نامانەوێت شکستی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووسیا ببینین و بۆ ئەم مەبەستەش درێژە بە هاوکارییەکان دەدەین و تا ئێستاش بە تەنیا 7 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیامان کردووە./.