سەرۆک کۆماری فەرەنسا یەکێک لە باڵاترین میدالیاکانی وڵاتەکەیی بەخشییە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە 14 ی تەمموزی 2022 میدالیای شانازیی فەرەنسای وەرگرت.
ئەریک شوالیە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا بە نوێنەرایەتی لە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا میدالیای شانازیی بەخشییە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئەو میدالیایەش لە ڕیزی باڵاترینی ئەو میدالیانەیە کە سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا دەیبەخشێتە دۆستان و هاوبەشەکانی خۆی.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە کازمی پاش وەرگرتنی ئەو میدالیایە سوپاسی سەرۆک کۆماری فەرەنسای کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق و پرۆسەی بە دیمۆکراسیبوونی ئەم وڵاتە./.