باڵیۆزی چین لە ڕووسیا ڕایگەیاند کە ئەمریکا سیناریۆی ئۆکرانیا لە تایوان دووبارە دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بە هەر نرخ و تێچوویەک ڕێگری لە گەشەسەندنی زیاتری چین بکات.
ژانگ هانهۆی وتی کە ئامانجی سەرەکی لە یاریکردن بە کارتی تایوان ئەوەیە تا گەشەی چین ڕابگیرێت، سەردانەکەی نانسی پڵۆسیش بۆ تایوان هەنگاوێکی مەترسیداری ئەمریکا بوو تا سیاسەتی چینی یەکگرتوو ڕوبەڕوی کێشە بکاتەوە.
ئەو دیپلۆماتکارەی چین وتی کە سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی مێژوویی و یاسایی تایوان وەک بەشێک لە خاکی چین ناکات بە پێچەوانەوە ئیرادەی چینی بەهێزتر کردووە.
وتیشی کە چینی ئێستا ئەو چینەی سەد ساڵی ڕابردوو نییە کە هەژار و لاواز بێت و موڵەتی ئەوەی دەدا لایەنەکانی دیکە کۆنتڕۆڵی بکەن و جیهانی ئەمڕۆش ئەو جیهانە نییە کە ئەمریکا بیەوێت بە دڵی خۆی هەر چی پێویست بێت جێبەجێی بکات.
ژانگ هانهۆی وتی کە ئەمریکا بە هەموو هەوڵێک دەیەوێت تەکتیکی خۆی لە ئۆکرانیا لە تایوانیش دووبارە بکاتەوە تا قەیرانێک بخوڵقێنێت ڕێگری لە گەشەسەندوویی چین بکات و کێشە ناوخۆییەکانی چین بکاتە بابەتێکی نێودەوڵەتی./.