ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی کە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان شێعەکانی عێراق گەیشتووەتە لوتکە و دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.

هۆشیار زێباری کە پێشتر لە کابینەکانی عێراقدا پۆستەکانی وەزارەتی دارایی و دەرەوەی وەرگرتبوو، سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لەم وڵاتە هۆشداریی دا.

ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە شەڕە ناوخۆییەکان بە بڕیاری سەرکردەکان ڕوو نادەن، شەڕی نێوان کوردەکان لە ساڵی 1994 بە فەرمانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی نەبووە بەڵام هەندێک ڕووداوی سەرکردە مەیدانییەکان بووە هۆکاری ئەو شەڕە.

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند کە دەبێت کەڵک لە مێژوو وەربگیرێت و ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق بکرێت./.