ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی کە ئەگەری پێداچوونەوە بە سەر کاندیدی سەرۆک وەزیران بە پێی تێبینی ڕەوتی سەدر لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە لە ئارادایە.

قەیس خزعەلی وتی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئامادەی قبووڵکردنی داواکاری و پێشنیارەکانی ڕەوتی سەدرە.

ناوبراو وتی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایەوێت هیچ لایەنێک پەراوێز بخات و ئامادەی هاوکارییە لە پێناو جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەوا و یاساییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای وڵات.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دژی گۆڕینی کاندیدی سەرۆک وەزیران نییە بە مەرجێک کە ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن و محەممەد شیاع سودانیش ئامادەیە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئێستا واز لە کاندیدبوونی خۆی بهێنێت.

وتیشی کە ئامادەین ڕەوتی سەدر بە پێی پێگەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە لە حکومەتدا پشکی هەبێت یان نیوەی مافی شێعەکان لە کابینەی نوێ بە ڕەوتی سەدر بدرێت، هەروەها لاریمان لە سەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە.

خزعەلی وتی کە لە ڕوانگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق دەرفەتی دووبارەبوونەوەی پۆستەکەیی نییە./.