ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق پێشبینی ئەوەی کردووە کە لە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ بەرهەم ساڵح بێت و فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش بەشداری دانیشتنەکە ناکات.

هاوژین عومەر ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن و هەر دوو لا کاندیدی فەرمی خۆیان هەیە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە پێی پێشبینی و خوێندنەوەکان، بەرهەم ساڵح زیاترین شانسی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکە هەیە و لە نێو زۆرینەی لایەنەکان و ئەندامانی پەرلەماندا خواست لە سەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەیە.

هاوژین عومەر هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە دەرەوەی پەرلەمانیش، موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی ڕەزامەندییان لە سەر ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە بەرهەم ساڵح ببێتەوە سەرۆک کۆمار و گرفتێک لە سەر ئەوە نابینرێت.

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک کۆماری عێراق پێشبینی ئەوەشی کردووە کە ئەم خولە بۆ نزیکەی دوو ساڵ بەردەوام بێت و دواتر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت./.