ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند کە یەکێتی ئەورووپا ڕۆڵی لە ڕووخاندنی عێراقدا هەبووە و ئێستا دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتەدا قەرەبووی بکاتەوە.

میک واڵاس نوێنەری ئیرلەندا لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕەخنەی لە سیاسەتی هاوکاریکردنی ئەمریکا لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بۆ ڕووخاندنی عێراق گرت.

ناوبراو لە تویتێکدا ڕایگەیاند: یەکێتی ئەورووپا لە ڕووخاندنی عێراق یارمەتیدەر بووە و ئێستاش پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی هاوکاری حکومەتی بەغدا بکات، ئەمەش کەمترین شتێکە کە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە و قەرزداری ئەو وڵاتەین.

ناوبراو لە تویتێکی دیکەدا بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ عێراق، وتی: سەردانی عێراقم کرد تا لە دۆخی ئەو وڵاتە باشتر تێبگەم. دەرفەتێک هاتە پێشەوە کە سەبارەت بە ڕۆڵی ئیرلەندا لە ڕووخاندنی عێراق و هاوکاریی سوپای ئەمریکا، داوای لێبوردن بکەم./.