ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی سنورە هاوبەشەکان و چالاکی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکات.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی تاران بکات.
چەند سەرچاوەیەکی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گرووپە نەیارەکانی ئێران لە سنورە هاوبەشەکان دوور بکاتەوە و چالاکییەکانی ئەوان ڕابگرێت و هێزەکانی پاسەوانی سنوریی عێراقیش لە سنورەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ئێران جێگیر بکرێت.
بەرپرسێک لە نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەعرەجی بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاڵۆزی لە سنورەکان و بۆردومانەکان، سەردانی ئێران دەکات./.